ھەینی 13 تشرینی دووەم 2020

نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان: ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى ئارامى بە خاڵى گرنگى وەچەرخانى پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و کوردستان دادەنرێت  



 

ڕۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى ١٢ى نۆڤێمبەرى ٢٠٢٠ نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ووتەیەکى پێشکەش بە ئەندامانى دامەزراوەى ئەنجومەنى کاروبارى جیهانى لە ڕۆژئاواى ماسۆشیتس کرد دەربارەى فراوانبوونى شەراکەتى نێوان هەرێمى کوردستان و وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.

بەیان سامى عبدالرحمن لە ووتەکەیدا ئاماژەیکرد کە ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى ئارامى خاڵى وەچەرخانى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ئەمریکایە کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا گەورەترین ئۆپەراسیۆنى مرۆیى لە ساڵى ١٩٩١ ئەنجامدراو بووە هۆى ڕزگارکردنى ژیانى ملیۆنان خەڵکى کوردستان کە لە چیاکانى سنورى نێوان ئێران و تورکیا لە باروۆدخێکى سەختىى مرۆیى دابوون. زۆربەى ئەو خەڵکانە مەترسى مردن لەسەر ژیانیان هەبوو بەهۆى نەبوونى خۆراک و دەرمان و پێداوستیە سەرەتاییەکان. زیاتر لە یەک ملیۆن خەڵک ئەو کاتە بەهۆى هێرشەکانى سوپاى ڕژێمى سەددام حسین بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکانى ڕاپەرینى بەهارى ١٩٩١ ناچاربوون ماڵ و حاڵى خۆیان بەجێبهێڵن و ڕوو لە ئێران و تورکیا بکەن.

هەر لە درێژەى قسەکانیدا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان گووتى ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى ئارامى بە بەشدارى ئەمریکا و بەریتانیا و ووڵاتانى ترى هاوپەیمان ئەنجامدرا بووە هۆى ڕزگارکردنى گیانى ژمارەیەکى بێشومارى خەڵک و سەرەتایەک بۆ گەشەسەندنى هەرێمى کوردستان و دامەزراندنى دامەزراوە فەرمیەکانى ئێستاى هەرێمى کوردستان. هەروەها مانگى نیسانى ٢٠٢١ ساڵیادى ئەو ڕووداوەیە لە مێژووى هەرێمى کوردستان و پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا.

بەیان سامى عبدالرحمن گووتى ئەمڕۆ هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا هەیە بەتایبەتى لە بوارى بەرەنگاربوونەوەى داعش و فراوانکردنى پەیوەندیەکان لە ڕووى ئاڵوگۆڕى کەلتورى و بازرگانى.

ئەوەى جێگەى ئاماژەیە پێشووتر دامەزراوەى ئەنجومەنى کاروبارى جیهانى لە ساڵى ٢٠١٨ میواندارى نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستانیان کردبوو بۆ ئەو مەراسیمەى کە بۆ باڵیۆزى ووڵاتان ئەنجامیاندا بوو، هەروەها ئەنجومەنى کاروبارى جیهانى زیاتر لە ٩٠ سەکۆى جیاوازى هەیە کە لە ڕێکخراوى سەربەخۆ پێکدێت و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بەشداریان هەیە.