سێشەممە 20 تەمووز 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێم چاویکەوت بە جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا  



ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى ٢٠/٧/٢٠٢١ نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن لە ڕێگاى پەیوەندى تەلەفۆنى گفتوگۆى هەبوو لەگەڵ دەینا سترۆل جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا. لە پەیوەندیەکەدا هەردوولا گفتوگۆیانکرد دەربارەى کۆبوونەوەکانى دیالۆگى ستراتیژى ئەمریکا-عێراق کە ئەم هەفتەیە لە واشنتۆن ئەنجام دەدرێت و هەروەها باسى هەماهەنگی بەردەوام لەنێوان هێزەکانى پێشمەرگە و  سوپاى عێراقى و هێزەکانى هاوپەیمانان لە شەڕ دژى داعش. لە تەوەرێکى ترى دیدارەکە باس لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق و گرنگى ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى ئازاد و جێگەى متمانە کرا.

دەینا سترۆل وەک جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا سەرپەرشتى سیاسەت و ستراتیژى وەزارەتى بەرگرى دەکات بۆ ووڵاتانى بەحرەین، میسر، ئیسرائیل، ئێران، عێراق، ئوردن، کوەیت، لوبنان، شانشینى عوممان، دەسەڵاتى فەڵەستین، قەتەر، سعودیە، سوریا، ئیماراتى عەرەبى، و یەمەن.