پێنجشەممە 24 ئازار 2022

نوێنەرى حکومەتى هەرێم چاویکەوت بە بەرپرسى کاروبارى ئابورى عێراق لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا  



 لە ڕێکەوتى ٢٤/٣/٢٠٢٢ بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا چاویکەوت بە جاک ئێتیەن بەرپرسى کاروبارى عێراق لە فەرمانگەى کاروبارى ڕۆژهەڵاتى نزیک لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیانکرد دەربارەى دەستپێشخەرییە بازرگانیەکان لەنێوانیاندا دەرفەتەکانى وەبەرهێنان و پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ و ئاستەنگە ژینگەییەکان و هەرێمى کوردستان وەک ناوچەیەکى گەشتیارى. هەروەها گەنجانى خاوەن بەهرە و پێشەنگى کار و دەستپێشخەرى بازرگانى بچووک و کەمکردنەوەى ڕۆتینیات و ئاستەنگەکان.

لەلایى خۆیەوە نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان جەختى کردەوە لەسەر بەرنامە و پابەندبوونەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بەردەوامبوون لە چاکسازییەکانى کەرتى ئابورى و بە دیجیتاڵکردنى خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەى ڕۆتینیات و زیادکردنى شەفافیەت.

فەرمانگەى کاروبارى ڕۆژهەڵاتى نزیک لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بەرپرسن لە جێبەجێکردنى سیاسەتى ئەمریکا بۆ ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا.

ژمارەیەکى جیاواز لە کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە ماوەى بیست ساڵى ڕابردوودا وەبەرهێنانیان لە هەرێمى کوردستان کردووە و هەروەها ماوەیەک بەرلە ئێستا شاندێکى بازرگانى کۆمپانیاکانى ئەمریکا لە ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکى کوردستان سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردبوو.