پێنجشەممە 21 تشرینی یەکەم 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا چاویکەوت بە کۆنگرێسمان بارى لاودەرمێلک  



 ڕۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى ٢١/١٠/٢٠٢١،  بەیان سامى عبدالرحمن، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەشێوەی وێبینار چاویکەوت بە کۆنگرێسمان بارى لاودەرمێڵک نوێنەرى وویلایەتى جۆرجیا و ئەندامى کۆمیتەى کاروبارى دارایى لە کۆنگرێس. لە دیدارەکەدا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان پوختەیەکى پێشکەش کرد لەسەر دواین هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق کە لە ڕێکەوتى ١٠/١٠/٢٠٢١ ئەنجامدرا و پرۆسەکانى پێکهێنانى حکومەتى داهاتوو و پێکهێنانى هاوپەیمانى سیاسى لەلایەن لایەنە براوەکانى هەڵبژاردن.

لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا نوێنەرى حکومەتى هەرێم تیشکى خستەسەر دۆخى ئاسایشى هەرێمى کوردستان و سوپاسى کۆنگرێسى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاى کرد بۆ پشتگیریە بەردەوامەکانیان بۆهەرێمى کوردستان و هێزەکانى پێشمەرگە لە شەڕ دژى داعش. هەروەها ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى ناوچەى ئارام بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان لە ساڵى ١٩٩١ کە لەو ئۆپەراسۆنە مرۆییەدا بە سەرۆکایەتى ئەمریکا و ووڵاتانى تر هاوپەیمانان توانرا ژیانى هەزارەها خەڵک ڕزگاربکرێت و ببێتە بناغەیەک بۆ دەسکەوتەکانى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان.

 

ئەوەى جێگەى ئاماژەیە کۆنگرێسمان بارى لاودەرمێڵک لە کۆنگرێس نوێنەرایەتى بازنەى ژمارە ١١ى وویلایەتى جۆرجیا دەکات و پێشووتر بۆ ماوەى ٩ ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى وویلایەتى جۆرجیا بووە و ماوەى ٨ ساڵ لە هێزى ئاسمانى ئەمریکا خزمەتى کردووە و بۆ ماوەى ٢٠ ساڵ خاوەنکارى پڕۆژەى بچووک بووە لە کەرتى تایبەت.