ھەینی 4 ئازار 2022

نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هاوکارە لەگەڵ ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکا کوردستان لە ڕێکخستنى سەردانى شاندێکى کۆمپانیاکان بۆ کوردستان  



نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکا کوردستان بەیەکەوە بەرنامەى سەردانى شاندێکى بازرگانیان بۆ هەرێمى کوردستان ڕێکخستووە بۆ هەفتەى داهاتوو. شاندەکە پێکدێت لە نزیکەى ٢٠ کەس کە نوێنەرایەتى ١٢ کۆمپانیاى جیاوازدەکەن و لە ماوەى سەردانەکەیاندا چاویان دەکەوێت بە بەرپرسانى باڵاى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیا کوردستانیەکان و ژوورەکانى بازرگانى و پیشەسازى. کۆمپانیا بەشداربووان لە بوارە جیاوازەکان کاردەکەن لەنێوانیاندا پیشەسازى  خۆراک، ووزە، تەکنەلۆژیا، نیشتەجێبوون و هونەرى دیجیتاڵى.

ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکا کوردستان ئەمساڵ یادى ١٠ ساڵەى دامەزراندنى دەکاتەوە کە بە پاڵپشتى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا توانیوویەتى چاڵاکانەتر کاربکات و ژمارەى ئەندامانى ڕوو لە زیادبوون بێت. هەندیک لەو کۆمپانیایانەى لە ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکا کوردستان ئەندامن بریتین لە شێڤرۆن کۆمپانیاى بەناوبانگى نەوت، کۆمپانیای گەردە وۆرڵد لە بوارى ئاسایش و کۆمپانیاى کلێرمۆنت لە بوارى نیشتەجێبوون. شاندەکە لە ماوەى سەردانەکەیاندا سەردانى هەولێر و دهۆک دەکەن و لە سەردانى ڕابردوویاندا سەردانى پارێزگاى سلێمانى یانکردبوو. هەروەها لە ساڵانى ڕابردوودا ئەنجومەنەکە هەموو ساڵێک شاندى بازرگانى کۆمپانیاکانى ئەمریکى بۆ کوردستان هێناوە.  لە دواى هاتنى پەتاى کۆرۆنا لە ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠١٩ ئەمە یەکەم شاندى بازرگانیە سەردانى کوردستان بکات.

بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا گووتى ( جێگەى خۆشحالیە کە ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکا کوردستان لە یادى  ١٠ ساڵەى دامەزراندنیدا بە شاندێکى کۆمپانیا ئەمریکیەکان سەردانى هەرێمى کوردستان. ئەنجومەنەکە بەردەوام بووە لە پەیوەندى و چاڵاکى ئابورى و وەبەرهێنان لەگەڵ هەرێمى کوردستان سەرەڕاى ئەو بەرزونزمیانەى بەهۆى دۆخى شەڕى داعش و پەتاى کۆرۆنا کاریگەرى لەسەر ئابورى هەرێمى کوردستان هەبووە. سەردانى شاندەکە لەم کاتەدا نیشانەى ئەوەیە کە کۆمپانیا ئەمریکیەکان پابەندن بە هەرێمى کوردستان سەرەڕاى دوایین بڕیارەکانى بەغدا کە لە هەندێک لاوە دڵەڕاوکێى دروست کردبوو. ئەم سەردانە نیشانەى متمانەبوونە بە خۆڕاگرى خەڵکى کوردستان و پێشوازی گەرم لە هاتنى کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان).