ھەینی 5 ئاب 2022

نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا ئاهەنگێکى پێشوازى ئەنجامدا بۆ بەرزڕاگرتن و یادى پێشمەرگە



ڕۆژى پێنح شەممە ڕێکەوتى ٤/٨/٢٠٢٢ نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکا کوردستان مەراسیمێکى پێشوازى ئەنجامدا بۆ یاد و ڕێزگرتن لە قارەمانێتى و خەبات و قوربانى هێزەکانى پێشمەرگە و هاوبەشى ستراتیژى لەنێوان کوردستان و ئەمریکا.

مەراسیمەکە لە هۆتێل ویلارد لە واشنتۆن ئەنجامدرا کە یادکردنەوە و سڵاوێک بوو بۆ هێزى پێشمەرگەى کوردستان کە لە ساڵى ٢٠١٤ ەوە قارەمانانە بە پاڵپشتى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بە سەرۆکایەتى ئەمریکا شەڕیان کردووە دژى ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش. هەروەها لە مەراسیمەکەدا یادى ئازایەتى هێزە ئەمینەکانى عێراق و زیادبوونى هەماهەنگیەکانى نێوان سوپاى عێراقى و هێزەکانى پێشمەرگە کرایەوە.

مەراسیمەکە ئەنجامدرا لە کاتى سەردانى شاندێکى پێشمەرگە و ئاسایش بۆ واشنتۆن بە سەرۆکایەتى شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى کاروبارى پێشمەرگە. ووتەى بەخێرهاتنى مەراسیمەکە لەلایەن بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و دەیڤید تافورى سەرۆکى ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکا کوردستان کە تیایدا بەخێرهاتنى میوانەکانیان کرد کە پێکهاتبوون لە بەرپرسانى حکومى ئەمریکى و  ئەکادیمیکاران و دیبلۆماتکاران و بازرگانان و ئەندامانى ڕەوەندى کوردستانى.

لە مەراسیمەکەدا هەریەک لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى کاروبارى پێشمەرگە، دەینا سترۆڵ جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، و سەلوان سنجارى هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى عێراق لە واشنتۆن ووتاریان پێشکەش کرد.

دەینا سترۆڵ جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست گووتى (شەرەفێکە بۆ من کە ئەمشەو لەگەڵ ئێوە لێرەبم بە نوێنەرایەتى وەزارەتى بەرگرى بۆ ڕێزگرتن لە هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستانى عێراق. هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستانى عێراق، هاوبەشێتى نێوان هێزە سەربازییەکانمان، بێگومان پەیوەندى نێوان نەتەوەکانمان، کە هەردووکیان درێژخایەن و گرنگن. بۆ چەندین دەیە، سوپاى ئەمریکا لە نزیکەوە کاریکردووە لەگەڵ پێشمەرگە بۆ پشتگیرى لە ئاسایش و سەقامگیرى هەرێمى کوردستانى عێراق و ناوچەى فراوانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. گرنگى و درێژخایەنى ئەم شەراکەتە لەسەر بنەماى پابەندبوونى هەردوولامانە بۆ بەدەستهێنانى ئاسایش بۆ هەردوو نەتەوەکەمان، بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بۆ کەرامەتى مرۆڤایەتى).

شۆڕش ئیسماعیل وەزیرى کاروبارى پێشمەرگە لە ووتارەکەیدا گووتى (سوپاس خاتوو دەینا سترۆل بۆ  ووتە و پەیامە بەنرخەکانت. ئێمە هاوڕاین لەگەڵ ئێوە. ئێمە بەیەکەوە شەراکەتێکى ستراتیژیمان هەیە. پێشمەرگە، سوپاى عێراق، وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەیەکەوە، داعشمان شکست پێهێنا. کۆتاییمان هێنا بە خەلافەتە ساختەکەیان. ئێمە لە وەزارەتى کاروبارى پێشمەرگە هەموو ڕۆژێک دەیبینین کە بۆچى ئەو شەراکەتە گرنگە. شەڕى دژ بە داعش کۆتایى نەهاتووە. بە راوێژى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان، ئێمە توانیوومانە بەردەوام بین لە شەڕ دژى داعش و ڕێگرى بکەین لە دووبارە سەرهەڵدانەوەیان و دووبارەبوونەوەى تیرۆر و مەترسى، بە یارمەتى ڕاوێژکارە ئەمریکیەکان و هاوپەیمانى نێودەوڵەتی، ئێمە لە وەزارەتەکەمان چاکسازى ئەنجام دەدەین).

 سەلوان سنجارى هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى عێراق لە ووتارەکەیدا ستایشى ڕۆڵى هێزە ئەمنیەکانى عێراق و پێشمەرگە و هێزەکانى هاوپەیمانانى کرد بۆ لەناوبردنى داعش. هاوکات داواى هەماهەنگى زیاتریکرد لەنێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراقى.

بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا لە ووتارەکەیدا ووتى لە مانگى ئاب ى ٢٠١٤، داعش جینۆسایدى ئەنجامدا دژى کورد، تورکمان، عەرەب، مەسیحى، و بەتایبەتى ئێزیدیەکان. سوپاسى گەل و کۆنگرێس و سوپا و حکومەتى ئەمریکا دەکەین بەتایبەتى وەزارەتى بەرگرى بۆ پشتگیرى لە هێزەکانى پێشمەرگە بۆ ئەوەى کوردستان بە سەقامگیرى بمێنێتەوە و پەناگەیەکى ئارام دابین بکات بۆ ئەو کەسانەى بەهۆى داعش ئاوارەبوون. حکومەتى هەرێمى کوردستان کاردەکات بۆ فراوانکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا بۆ بوارەکانى ئابورى و کەلتورى.

دەیڤید تافورى سەرۆکى ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکا کوردستان لە ووتەکەیدا ستایسى هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى ئەمریکاى کرد و گووتى چارەسەر بۆ بەشێکى زۆر لە کێشە و ئاڵۆزییەکانى عێراق لە دەستورى عێراقدایە. هەروەها پێشوازیکرد لە شەراکەتى ستراتیژى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان.

ئەم مەراسیمە لە میانەى سەردانێکى شاندى وەزارەتى پێشمەرگە و بەشدارى نوێنەرایەتى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى ئاسایشى کوردستان بۆ واشنتۆن ئەنجامدرا.