سێشەممە 29 ئازار 2022

نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاهەنگى جەژنى نەورۆزى لە واشنتۆن ئەنجامدا  



 نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئاهەنگى جەژنى نەورۆز و سەرى ساڵى  تازەى کوردى و هاتنى وەرزى بەهارى ئەنجامدا.

سەرەتایى ئاهەنگەکە ووتەى بەخێرهاتن لەلایەن محمد ئەلتیفیان هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى عێراق لە واشنتۆن و  بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا پێشکەش کرا. کە لە ووتارەکاندا باس لە گرنگى جەژنى نەورۆز کراوە و هاوکات ئەوە خرایە ڕوو کە ئێستا نەورۆز یەکێکە لە جەژنەکانى عێراق و بۆنەیەکە  بۆ کۆکردنەوەى هەموو پێکهاتەکانى عێراق لە  سەرتاسەرى ووڵات. نەورۆزە ئەو بۆنە نەتەوەییە کە لەلایەن گەلى کورد هەموو ساڵێک بە ئاگرکردنەوە و دەربڕینى خۆشى و شادى و گەشت و سەیران یادى دەکرێتەوە. نەورۆز جەژنێکە کەلەلایەن زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن کەس لە نەتەوەى جیاواز لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ناوەڕاستى ئاسیا ساڵانە یادى دەکرێتەوە.

لەم مەراسیمە و ئاهەنگى پێشوازییەدا بەرپرسانى ئیدارەى ئەمریکى و دیبلۆماتکاران و ئەکادیمیکاران و ڕێکخراوە ناحکومیەکان و بەرپرسانى باڵیۆزخانەى عێراق و ڕەوەندى کوردستانى و کۆمپانیا ئەمریکیەکان ئامادەبوون.

ئەم ئاهەنگى پێشوازییە بە سپۆنسەرى ڕێکخراوى دادپەروەرى بۆ کوردەکان ئەنجامدرا کە رێکخراوێکى ناحکومیە و بارەگاکەى لە نیویۆرکە.