پێنجشەممە 29 نیسان 2021

مەراسیمى ساڵیادى ٣٠ هەمین ساڵەى ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى نەواى ئارام  



لەدرێژەى کاروچاڵاکیەکانى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا هەڵسا بە یادکردنەوەى  ساڵیادى ٣٠ هەمین ساڵەى ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى نەواى ئارام کە ڕێزدار جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى ووتەی سەرەکى پێشکەشکرد و هەروەها هەریەک لە جەیمس بەیکەر وەزیرى پێشووى دەرەوەى ئەمریکا و هۆشیار زێبارى وەزیرى پێشووى دەرەوە و جێگرى سەرۆک وەزیرانى عێراق ووتەیان هەبوو دەربارەى ئەم ڕووداوە مرۆییە.

مەراسیمەکە بەشێوەى وێبینار بەڕێوەچوو کە لەلایەن بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەڕێوەدەبردرا و میوانانى تر بەشدار کە ووتەى پشتگیریان پێشکەشکرد بریتى بوون لە برێت مەکگۆرک ڕێکخەرى کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا لە ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى کۆشکى سپى و دەینا سترۆڵ جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. بەشى کۆتایى وێبینارەکە پانێڵێک بوو بە بەشدارى سێ ژەنەڕاڵى خانەنشینکراوى سوپاى ئەمریکى کە ڕۆڵى سەرەکیان هەبووە  لە جێبەجێکردنى ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى ناوچەى ئارام لە ساڵى ١٩٩١ ئەوانیش ژەنەڕاڵ جۆن ئەبیزەید و ژەنەڕاڵ جەى گارنەر و ژەنەڕاڵ جیم جۆونس.

ڕێزدار جەنابى سەرۆک بارزانى لە ووتەکەیدا سوپاسى سەرکردەکانى ئەو کاتەى ووڵاتانى ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و تورکیاى کرد بۆ یارمەتیدانى خەڵکى کوردستان لە بەهارى ساڵى ١٩٩١ ئەمەش دواى ئەوەى ڕووبەڕووى هێزەکانى ڕژێمى سەددام ببوونەوە. هەروەها جەنابى سەرۆک بارزانى سوپاسى وەزیرى دەرەوە جەیمس بەیکەر و ژەنەراڵ جەى گارنەر و ژەنەڕاڵ جۆن ئەبیزەید و ژەنەڕاڵ جیم جۆونز و کۆلۆنێڵ دیک ناب لە سوپاى ئەمریکا کرد بۆ ئەو ڕۆڵەى کە هەیانبووە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا. هەروەها دواتر جەنابى سەرۆک بارزانى داواى لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا  و ووڵاتانى هاوپەیمان و دۆست کرد کە بەردەوام بن لە پاراستنى هەرێمى کوردستان و گووتى کە گەلى کوردستان هەموو ئامانجەکانى خۆى بەدینەهێناوە و نەگەیشتووە بە خەونى خۆى. تاوەکو ئێستا هەڕەشەى جیدى لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە، هەربۆیە داوادەکەم ئەو پشتگیرى و پاڵپشتیەى کە هەیە بەردەوام بێت و پاراستنى خەڵکى کوردستان لە بەرنامەى لە پێشینەتان بێت.

جەیمس بەیکەر وەزیرى پێشووى دەرەوە لە ووتەکەیدا ئاماژەى بەوەکرد کە لە مانگى نیسانى ١٩٩١ خۆى سەردانى ناوچە سنورییەکانى کردبوو و دۆخەکەى بەچاوى خۆى بینیبوو، ئەو کاتە بەچاوى خۆى کارەساتێکى مرۆیى بینیبوو هەبۆیە ڕاستەوخۆ پەیوەندیکردبوو بە سەرۆک بۆش بۆ ئەوەى لەگەڵ سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان قسەبکات کە ڕێکخەرێکى مرۆیى دەستنیشانبکرێت، و هەروەها پەیوەندیکردبوو بە دیک چینى وەزیرى بەرگرى ئەوکاتەى ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنى بەپەلەى پەنابەران. جەیمس بەیکەر لە ووتەکەیدا کوردستانى بە چیڕۆکێکى سەرکەوتووى عێراق وەسف کرد و پێزانینى هەبوو بۆ ڕۆڵى هەموو ئەوانەى بەشداربوونە لە بەدەستهێنانى ئەو سەرکەوتنە.

هۆشیار زێبارى لە ووتەکەیدا سوپاسى جەیمس بەیکەرى کردوو گووتى ئەو ١٢ خولەک وەستانەى ناوبراو لەسەر سنور جێ پەنجەى لەسەر مێژووى کورد هەبووە. ئەمریکا گەورەترین ئۆپەراسیۆنى مرۆیى لە مێژووى نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجامداوە. پێشمەرگە ئەو کاتە لە ساڵى ١٩٩١ ڕێگریکرد لە پێشڕەوییەکانى سوپاى عێراق بەڵام بەهۆى کەمى سەرچاوەکان بەبێ پشتگیرى ئەمریکا و ووڵاتانى ترى هاوپەیمانان نەیاندەتوانى بەردەوام بن. هەروەها میدیاى نێودەوڵەتى ڕۆڵێکى گرنگى هەبوو لە ڕاکێشانى سەرنجى ڕاى نێودەوڵەتى و ئەگەر ئەو پەخشە میدیاییە نەبووایە لەوانەیە ئەم ڕووداوە ببوایە کارەساتێکى لەبیرکراوى نێو مێژوو. سوپاسى ئەو ووڵاتانەى کرد کە بەشداربوون لە دابینکردنى ناوچەى ئارام کە بووە هۆى ڕزگارکردنى گیانى هەزارەها خەڵک و بەخشینى هیوا بۆ داهاتوویەکى باشتر بە خەڵکى کوردستان.

برێت مەکگۆرک ڕێکخەرى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا لە ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى کۆشکى سپى لە ووتەکەیدا باسى لە پەیوەندى لەمێژینەى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان کرد و گووتى کوردستان دۆستى زۆرى هەیە لە ئیدارەى تازەى ئەمریکا لە نێو کۆشکى سپى و تەواوى ئیدارەى بایدن (هەربۆیە لەجیاتى سەرۆک بایدن کە دۆستێکى لەمێژینەى خەڵکى عێراق و خەڵکى کوردستانە دەمەوێت پشتگیرى خۆم بۆ پەیوەندییەکى پتەو لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان دووپات بکەمەوە و هاوکات سوپاسى ئەو پاڵەوانانە بکەم لە ئەمریکیەکان و کوردەکان کە توانیان ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى ناوچەى ئارم بێتەدى).

هەروەها گووتى (٣٠ ساڵ دواى ئەو ئۆپەراسیۆنى مرۆێیە ئێستا کوردستان بۆتە هاوپەیمانێکى ستراتیژى. ئەوەى کە خەڵکى هەرێمى کوردستان دروستیانکرد لە دواى نەمانى ڕژێم بۆتە هاندانى نەوەى گەنج لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست).

دەینا سترۆڵ جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى بەرگرى ئەمریکا بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە ناوى وەزیر لۆید ئۆستن سڵاوى لە بەشداربووانى وێبینارەکە کرد و گووتى شەراکەتى نێوان هەرێمى کوردستان و ئەمریکا شەراکەتێکى بەهێز و ستراتیژ و پێویستە لە کاتى ئەمڕۆدا. هەروەها ئاماژەیکرد لە ئۆپەراسیۆنەکەدا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بەشداربوون و لە ماوەى ٢٠ ڕۆژى یەکەمدا فڕۆکەکانى سوپاى ئەمریکا لە تەواوى ناوچەى ئەتڵەسى زیاتر لە ٧٥ گەشتیان ئەنجامدابوو بۆ گەیاندنى هاوکارى بە پەنابەرانى کۆڕەوەکە. ئەمە چاڵاکیەکى پاڵەوانانە بوو کەلەلایەن دەیان ووڵاتى هاوپەیمانەوە لەسەرتاسەرى جیهان پشتگیرى کرا. ئێمە بەسەربەرزییەوە یادى ئەو پیاو ئافرەتانەى سوپاى ئەمریکا کە بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکەدا. هەروەها پێزانینمان بۆ ئازایەتى و پاڵەوانێتى خەڵکى هەرێمى کوردستان کە ڕاپەڕین دژى ڕژێمى دیکتاتۆرى سەددام حسین کە هەزارەها خەڵکیان ببونە قوربانى. هەر لەو کاتەوە سوپاى ئەمریکا و هێزە کوردییەکان بەیەکەوە کاریانکردووە بۆ لەناوبردنى دیکتاتۆریەت و تیرۆریزم. لە کۆتایى قسەکانیدا گووتى ( شەراکەتى ئەمڕۆى نێوان هێزەکانمان زۆر بەهێزترە).

 بەشى کۆتایى بەرنامەى یادکردنەوەکە پانێڵێک بوو بە بەشدارى ژەنەڕاڵ جۆن ئەبیزەید و ژەنەڕاڵ جەى گارنەر و ژەنەڕاڵ جیم جۆونس.

ژەنەڕاڵ جۆن ئەبیزەید کە لە ساڵى ٢٠٠٣ تاوەکو ٢٠٠٧ فەرماندەى فەرماندەى ناوەندى هێزەکانى ئەمریکا بوو لە ووتەکەیدا گووتى نابێت  بەهۆى ئاڵۆزییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئاشتى و سەقامگیرى هەرێمى کوردستان لەبیربکرێت. کوردەکان ئەوەیان نیشاندا کە لە ڕێگاى بەرگرى کردن دەتوانیت لەناوچەیەکى ئاڵۆز بژیت. پێویستە ئێمە ئەو هەرێمە سەقامگیر و بەهێز و خۆشگوزەرانە بپارێزێت.

ژەنەڕاڵ جەى گارنەر لە ووتەکەیدا گووتى کە سەرسامە بە ئازایەتى و خۆڕاگرى و بە سۆزى خەڵکى هەرێمى کوردستان و هەروەها ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى ناوچەى ئارام کاریگەرى گەورەى هەبوو لەسەر سەربازانى سوپاى ئەمریکا. ئێمە هەرچەندە بە جەستە کوردستانمان جێهێشت بەڵام کوردەکان لە دڵمان بوون. ئەوەى جێگەى ئاماژەیە ژەنەڕاڵ جەى گارنەر هەڵگرى مەدالیاى وەزارەتى بەرگرى ئەمریکایە کە لەلایەن سەرۆک جۆرج دەبلیو بۆش پێیدراوە.

ژەنەڕاڵ جیم جۆونز کە پێشووتر فەرماندەى هێزەکانى مارێنز و فەرماندەى هێزەکانى هاوپەیمانان بووە لە ئەوروپا لە ووتەکەیدا گووتى یەکێک لەو کارانەى کە لەمێژووى کارکردنى خۆى شانازى پێوەدەکات ئەوەیە کە بەشێک بووە لە ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى ناوچەى ئارام. هەمووى ئەوانەى لەگەڵ من بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکە بەشداربوون هەرچەندە بۆ ماوەى ٨ مانگ لە ماڵەوە دووربووین بەڵام ئامادەبووین بۆ مانەوە بۆ پاراستنى خەڵکى کوردستان، نەوەک رژێمى عێراق دووبارە هێرش بکاتە سەر خەڵکى کوردستان. ناوبراو هاوڕابوو لەگەڵ بەشداربووانى تر کە پێویستە یارمەتى و پشتگیرى زیاترى هەرێمى کوردستان بکرێت بەهۆى ئەو تەحەددییانەى کە ڕووبەڕووى دەبێتەوە. ژەنەڕاڵ جۆونز گووتى (لە تێڕوانینێکى  ستراتیژییەوە زۆر گرنگە کە ئەمریکا بمێنێتەوە و دیاربێت).

لە مەراسیمەکەدا، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن ئەوەى ڕاگەیاند کە ئەندامانى کۆنگرێس پڕۆژە بڕیارێک پێشکەش دەکەن بۆ یادکردنەوەى ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى ناوچەى ئارام بۆ ئیعتراف کردن (بەو بڕیارە ئازایەى بۆ خەڵکى کوردستان و دووپاتکردنەوەى شەراکەتى بەهێزى نێوان ئەمریکا و کوردستان و پێزانین و پشتگیریمان بۆ هاوپەیمانە کوردەکان کە شانبەشانى ئەمریکا ڕووبەڕوى توندڕەوى تیرۆر بوونەتەوە).

مەراسیم و وێبینارەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن تۆڕى میدیاى ڕووداو و بەرنامەى زووم و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەیەکى فراوان پەخشکرا. تکایە لێرە کلیک بکە بۆ بینینى تەواوى وێبینارەکە.