ھەینی 8 نیسان 2022

شاندى پارێزگاى دهۆک کۆتاییان بە سەردانە یەک هەفتەییەکەیان هێنا لە واشنتۆن  



دکتۆر عەلى تەتەر پارێزگارى دهۆک و ڕۆژبینا عەزیز ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە کوتلەى ئاشورییەکان کۆتاییان هێنا بە چەندین کۆبوونەوەى سەرکەتوو و بەرهەمدار لە واشنتۆن کە چاویانکەوت بە ئەندامانى کۆنگرێس و سینات و کۆشکى سپى و وەزارەتى دەرەوە و ئاژانسى پەرەپێدانى نێودەوڵەتى (USAID) و چەندین دامەزراوە و رێکخراوى تر. ئامانج لە سەردانەکە تیشک خستنە سەر دۆخى ئابورى و ئاسایش و مرۆیى بەگشتى و پارێزگاى دهۆک بەتایبەتى. پارێزگاى دهۆک ناسراوە ب گەشتوگوزار و بازرگانى و ناوچەیەکى ئارام بۆ ئەو پەنابەر و ئاوارانەى ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کردووە کە ژمارە یەک ملیۆن و نیو دەبوو و نزیکەى ٥٣٧ هەزار لەم ژمارەیە لە پارێزگاى دهۆک نیشتەجێبوون. هەروەها رێژەى ٧٠% ئاوارەى ئێزیدییەکان کە قوربانى دەستى داعش بوون لە پارێزگاى دهۆک نیشتەجێن.

شاندەکە بە هاوڕێیەتى بەیان سامى عبدالرحمن، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان هەبوو لە کۆنگرێس و سیناتى ئەمریکا لەوانەیە چاوپێکەوتن لەگەڵ سیناتۆر ڕیچارد بێر و سیناتۆر تۆد یەنگ و کۆنگرێسمان جاک بێرگمان و کۆنگرێسمان براد وێنسترەپ و کۆنگرێسمان مایکل واڵتز. لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى دهۆک سوپاسى ئەندامانى کۆنگرێس و سیناتى ئەمریکاى کرد بۆ پشتگیرى و هاوکارى بەردەوامیان بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان و هێزەکانى پێشمەرگە. بابەتى کۆبوونەکان بریتى بوو لە دوایین بەرەوپێشچوونەکانى هەرێمى کوردستان لە ڕووى ئاسایش ودۆخى مرۆیى و هەروەها دۆخى عێراق و ناوچەکە.

هەروەها شاندەکە لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکى سپى چاویانکەوت بە باڵیۆز باربارا لیف بەڕێوەبەرى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا لە ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى کۆشکى سپى. باڵیۆز باربارا لیف گەرمترین سڵاو پێزانینى سەرۆک بایدن ى گەیاند بۆ سەرکردایەتى هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى.

شاندەکە لە دیدارێکى جیاوازدا لە وەزارەتى دەرەوە چاویانکەوت بە سکۆت تێرنەر جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوە لە نووسینگەى کۆچ و کۆچبەران و دانیشتوان، هەروەها ماتیۆ ستێنهێفلەر جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوە لە نووسینگەى ئاڵۆزییەکان و ئۆپەراسیۆنەکانى سەقامگیرى.هەروەها شاندەکە لە سەردانێکدا بۆ ئاژانسى هاوکارى و پەرەپێدانى ئەمریکى (USAID)  چاویانکەوت بە ئەندرۆ پلیت جێگرى سەرۆکى ئاژانسەکە بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. لە کۆبوونەوەکە باس لە پێداویستیەکانى پەنابەرانى سوریا و ئاڵنگارییەکانى بەردەم ئاوارەکانى ئێزیدى و کریستیانەکان لە پارێزگاى دهۆک و دۆخى ئەمنى ئەو ناوچانەى کە رێگرن لەبەردەم گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ سەر زێدى خۆیان لە ناوچەى شەنگال و دەشتى نەینەوا.

ڕۆژى پێنج شەممە شاندەکە لە سەردانێکدا بۆ باڵیۆزخانەى عێراق لە واشنتۆن پێشوازیکران لەلایەن محمد هوشام ئەلفتیان هەڵسوڕینەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى عێراق و بەرپرسانى ترى باڵاى باڵیۆزخانە. پارێزگارى دهۆک باسى لە دۆخى پارێزگاى دهۆک کرد لە ڕووى ئابورى و مرۆیى و بوارەکانى زیاتر پەرەپێدانى بازرگانى لەگەڵ ئەمریکا.

لەسەر بابەتى دۆخى مرۆیى لە دوو دیدارى جیاوازدا، شاندەکە چاویانکەوت بە دکتۆر مایک یاف، جێگرى سەرۆکى پەیمانگاى ئاشتى ئەمریکى بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست. سام وۆرثینگتۆن سەرۆکى ڕێکخراوى ئینتەرئاکشن ى ئەمریکى و ڕیچارد غەزال بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى ڕێکخراوى بەرگریکردن لە کریستیانەکان.

لە دواى سەردانى واشنتۆن، شاندەکە سەردانى مەشیگان و وویلایەتى تێنیسى کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕەوەندى کلدانى و کوردستانى لە هەردوو شاردا. پارێزگارى دهۆک لە کۆتایى سەردانەکەیدا سەردانى پارێزگاى گەینسڤیل ى کرد لە وویلایەتى فلۆریدا کە ساڵى ڕابردوو بۆتە دەستە خوشکى پارێزگاى دهۆک. پارێزگارى دهۆک لە شارى گەینسڤیل سەردانى دامەزراوە پەروەردەیى و خوێندن و بازرگانى و بەرهەمێهانى کرد بۆ زیاتر هەماهەنگى و کارى هاوبەش.