دووشەممە 24 ئاب 2020

شاندى هەرێمى کوردستان دواى  بەشداریکردن لە گفتوگۆکانى دیالۆگى ستراتیژى ئەمریکا-عێراق کۆتایى بە سەردانەکەى خۆى هێنا  



شاندى هەرێمى کوردستان کە لە چوارچێوەى شاندى عێراقى بۆ دیالۆگى ستراتیژى سەردانى واشنتۆن کرد بوو ئەمڕۆ کۆتاییان بە سەردانە درێژخایەنە یەک هەفتەییەکەى خۆیان هێنا.

شاندەکە بە سەرۆکایەتى فەوزى هەریرى سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بوو و پێکهاتبوو لە دکتۆر ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیران و عەمید هەژار ئیسماعیل لە وەزارەتى کاروبارى پێشمەرگە و لاوک ئەحمەد بەڕێوەبەرى نووسینگەى جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، و بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا یاوەرى شاندەکە بوو.

شاندەکە لە ماوەى مانەوەیان لە واشنتۆن بەشداریانکرد لە گفتوگۆکانى دیالۆگى ستراتیژى و هەروەها زنجیرەیەک کۆبوونەوەى دوو قۆڵیان هەبوو بۆ زیاتر پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا. سەرۆک وەزیران مستەفا کازمى سەرۆکایەتى تەواوى شاندى عێراقى دەکرد کە پێکهاتبوون لە وەزیرانى دەرەوە و دارایى و بەرگرى و نەوت. سەرۆک وەزیران مستەفا کازمى لە ڕێکەوتى ٢٠ى ئاب کۆبوونەوەى هەبوو لەگەڵ سەرۆک ترەمپ. فەوزى هەریرى بەشدارى لە کۆبوونەوەى نێوان سەرۆک ترەمپ و سەرۆک وەزیران مستەفا کازمى کرد و هەروەها بەشدارى لە کۆبوونەوەکانى تر کرد کە لەلایەن سەرۆک وەزیران مستەفا کازمى ئەنجامدرا.

ڕێکەوتى ١٩ى ئاب ٢٠٢٠، گفتوگۆکانى دیالۆگى ستراتیژى لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا بەڕێوەچوو کە تەوەرەکانى گفتوگۆکان جەختى کردەوە لە هەماهەنگى لە بوارەکانى ئابورى و ووزە و سیاسى و ئاسایش و کەلتورى و مرۆیى. ئەم گفتوگۆیانە لەژێر ڕۆشنایى چوارچێوەکانى ڕێکەوتنامەى ستراتیژى ئەمریکا-عێراق کە لە ساڵى ٢٠٠٨ واژووکرابوو ئەنجام درا.

ئەمە یەکەمجار بوو شاندى هەرێمى کوردستان بەشدارى لەو گفتوگۆیانەدا بکەن، بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان گووتى “ شاندى هەرێمى کوردستان توانى ڕۆڵێکى گرنگ بگێڕێت لە گفتوگۆکانى دیالۆگى ستراتیژى. هەروەها ئەم بەشداریکردنە لە چوارچێوەى شاندى عێراقى زۆر گرنگ بوو بۆ ئێمە بۆ گەیاندنى دەنگى هەرێمى کوردستان لە گفتوگۆکاندا بۆ ئەوەى گوێبیستى بن چونکە ئەم گفتوگۆیانە  دەببێتە بنەمای پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ ئەمریکا”.

شاندى هەرێمى کوردستان لە ماوەى مانەوەیان لە واشنتۆن جگە لە کۆبوونەوەکانى دیالۆگى ستراتیژى ژمارەیەک کۆبوونەوەى دوو قۆڵیان هەبوو لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەکانى ئیدارەى ئەمریکى.