چوارشەممە 21 تەمووز 2021

شاندى هەرێمى کوردستان بەشدارى لە دانوستاندنەکانى دیالۆگى ستراتیژى ئەمریکا-عێراق دەکات  



شاندێکى هەرێمى کوردستان گەیشتە واشنتۆن بۆ بەشداریکردن لە گەڕى چوارەمى دانوستاندنەکانى دیالۆگى ستراتیژى ئەمریکا- عێراق کە وەک بەشێک لە شاندى عێراقى بەشدارى گفتوگۆکان دەبن.

شاندێکى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى فەوزى هەریرى سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و ئەندامیەتى دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیران و عەمید هەژار ئیسماعیل لە وەزارەتى کاروبارى پێشمەرگە و لاوک ئەحمەد بەرپرسى نووسینگەى جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان گەیشتنە واشنتۆن و نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە واشنتۆن بەیان سامى عبدالرحمن یاوەرى شاندەکە دەبێت بۆ بەشدارى لە بەرنامە و چاڵاکیەکانى شاندەکە.

شاندەکەى هەرێمى کوردستان کە لەو بەڕێزانەى سەرەوە پێکدێت بەشدارى لە دانوستاندنەکانى دیالۆگى ستراتیژى ئەمریکا-عێراق دەکەن کە لە ڕۆژانى ٢٢ و ٢٣ى تەمموز ئەنجام دەدرێت.

دکتۆر فواد حسین وەزیرى دەرەوەى عێراق سەرۆکایەتى تەواوى شاندى عێراق دەکات و بەرنامە دانراوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنتۆنى بیلنکن وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا ئەمەش پێش گەیشتنى سەرۆک وەزیرانى عێراق مستەفا کازمى و کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرۆک بایدن لە  ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ٢٦ى تەمموز.

دانوستاندنەکانى دیالۆگى ستراتیژى ئەم بوارانە لەخۆدەگرێت (ئابورى، ووزە، ئاسایش، کەلتور و مرۆی). ئەم دانوستاندانەش لەنێوان ئەمریکا و عێراق لەژێر ڕۆشنایى ڕێکەوتنامەى ستراتیژى نێوان عێراق و ئەمریکا ئەنجام دەدرێت کە لە ساڵى ٢٠٠٨ واژووکراوە.