سێشەممە 9 تشرینی دووەم 2021

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانى و سیناتۆر کریس ڤان هۆڵین گفتوگۆیانکرد لەسەر پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان  



ڕێزدار سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانى لە لە کۆبوونەوەیەکدا کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى ٨/١١/٢٠٢١ کە بەشێوەى وێبینار ئەنجامدرا سوپاسى سیناتۆر کریس ڤان هۆڵین ى کرد بۆ سپۆنسەرکردنى پێشنیارى پڕۆژە بڕیارى یادکردنەوەى ساڵیادى ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى ناوچەى ئارام و پشتگیرى کردن لە هاوپەیمانى و پەیوەندى بەهێزى بەردەوامى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان.

ڕێزدار سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانى سوپاسى سیناتۆر کریس ڤان هۆڵین ى کرد بۆ پشتگیریە بەردەوامەکانى بۆ گەلى کوردستان و پێشکەشکردنى پڕۆژە بڕیارێک بە ئەنجومەنى پیران بە هاوبەشى لەگەڵ سیناتۆر مارکۆ ڕۆبیۆ ئەمەش دواى ئەوەى کە پێشووتر لە ئەنجومەنى نوێنەران پێشکەش کرابوو.

پڕۆژە بڕیارى پێشنیارکراوى ژمارە ٣٢ تایبەتە بە یادکردنەوەى سەرکەوتنى لەمێژینەى ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى ناوچەى ئارام لە ساڵى ١٩٩١ کە بووە هۆى هاوکارى سەدان هەزار لە هاوڵاتیانى کوردستان کە دواى ڕاپەڕین دژى دیکتاتۆریەت لە ترسى هێزەکانى ڕژێمى سەددام حسین کۆڕەویان کردبوو. ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا ئەنجامدرا و دواتر بڕیارى دامەزراندنى ناوچەى دژە فڕین درا کە بووە هۆى پاراستنى هەرێمى کوردستان بۆ ماوەى ١٢ ساڵ و ئەو دەرفەتەى بە خەڵکى هەرێمى کوردستان بەخشى کە بتوانن ئازادانەى پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوەکانى تر دابمەزرێنن.

لە کۆبوونەوەکەدا، ڕێزدار سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانى سوپاسى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاى کرد بۆ پشتگیرى لە هێزەکانى پێشمەرگە و داواى زیاتر بەرەوپێشبردنى پەیوەندییە دوو قۆڵیەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.

ڕێزدار سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانى و سیناتۆر کریس ڤان هۆڵین نیگەرانى خۆیان دەربڕى دەربارەى هەوڵى کوشتنى سەرۆک وەزیرانى عێراق مستەفا کازمى و جەختیانکردەوە لە پێویستى سەقامگیرى عێراق. هەروەها گفتوگۆیانکرد دەربارەى دەرەنجامەکانى دوایین هەڵبژاردنەکانى عێراق و ئەو ئاڵنگارییە ئاسایشیانەى کە ڕووبەڕووى هەرێمى کوردستان دەبێتەوە.

ئەوەى جێگەى ئاماژەیە، بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا یاوەرى بەڕێز سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بوو لەو دیدارەدا.