ھەینی 9 تەمووز 2021

بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە چاویکەوت بە نوێنەرانى ڕەوەندى کلدان و ئاشورییەکان لە ئەمریکا  



جڕۆژى هەینى ڕێکەوتى ٩/٧/٢٠٢١ کاک سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاویکەوت بە نوێنەرانى کۆمەڵگاى کلدانى و ئاشورى لە ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن دەربارەى ڕۆڵى دایاسپۆرا و بابەتەکانى جێگەى بایەخى هەردوور لە ڕووى ئابورى و ئاسایش.

کۆبوونەوەکە لەلایەن نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەشێوەى وێبینار ڕێکخرابوو کە کاک سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم چاویکەوت بە هەریەک لە مارتن ماننا لە ژوورى بازرگانى ئەمریکى کلدانى، و دکتۆر ئەزید میرى لە دامەزراوەى کۆمەڵگاى کلدانى، و کارلۆ گانگە لە هاوپەیمانى جیهانى ئاشوریەکان، و عیسمەت کارمۆ و جولیانى یۆنان لە ئەنجومەنى نەینەوا لە ئەمریکا، ئۆمێد على لە دامەزراوەى ئاشتى جیهانى. بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى لە ئەمریکا میواندارى کۆبوونەوەکەى دەکرد.

 کاک سەفین دزەیى باسى لە بەرنامە و سیاسەتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد لە ڕووى دەرفەتى یەکسان و ئاشتى و پێکەوەژیانى هەموو پێکهاتەکان و ئاماژەیکرد بە شارۆچکەى عەنکاوە لە هەولێر کە گەورەترین کۆمەڵگاى نیشتەجێبوونى کریستیانەکانە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەردەوام لە فراوانبووندایە، هەروەها تیشکى خستەسەر کەلتور و سەقامگیرى هەرێمى کوردستان.

هەریەک لە مارتن ماننا و کارلۆ گانگە ئاماژەیانکرد کە دایاسپۆرا نیشتەجێى وویلایەتەکانى مەشیگان و ئیلینیۆس و کالیفۆرنیا و ناوچەکانى تر لە ئەمریکا نیگەرانن دەربارەى کەمى دەرفەتى کار بۆ کلدانى و ئاشورییەکانى هەرێمى کوردستان و هەروەها بوونى ناکۆکى لەسەر خاوەندارێتى زەوى و هێرشەکانى تورکیا کاریگەرى لەسەر گوندشینە کریستیانەکانى هەرێمى کوردستان هەبووە. هەروەها نیگەرانى دەربارەى گۆڕینى دیمۆگرافى و ئەمنى لە پارێزگاى نەینەوا.

کاک سەفین دزەیى لە ووتەکانیدا جەختى لەوە کردەوە کە زۆرێک لەو نیگەرانیانە نیگەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستانیشە و هەموو پێکهاتەکانى کوردستان داهاتوویان بەیەکەوەیە. هەندێک کێشەیە کە پێویستە چارەسەربکرێت و ڕێزدار مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆمیتەیەکى وەزارى داناوە بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانە لەنێوانیاندا کێشەى ناکۆکی لەسەر زەوى.

هەردوولا خۆشحاڵبوون بە بەردەوامى بوونى دیالۆگى کراوە و بوونى پەیوەندییەکى بەهێز لەنێوان نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و دایاسپۆراى تەواوى پێکهاتەن لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا.