سێشەممە 4 ئاب 2020

بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بەشدارى لە ساڵیادى جینۆسایدى ئێزیدیەکان دەکەن  



بەپرسانى هەرێمى کوردستان ئەم هەفتەیە بەشێوەى ئۆنڵاین بەشداریان کرد لە مەراسیمى ساڵیادى  جینۆسایدى ئێزیدیەکان  و کارەساتى شەنگاڵ کە لەلایەن داعش ئەنجامدرا.

حکومەتى هەرێمى کوردستان پرسە و هاوخەمى خۆى پێشکەش بە ئێزیدیەکان دەکات و ئامادەیە بۆ پشتگیرى بەردەوامى ئاوارەکان و کارکردن بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ سەر زێدى خۆیان بەشێوەیەکى سەلامەت و سەربەرزانە و هاوکاریان بکات لە بەدەست هێنانى دادپەروەرى و قەرەبووکردنەوە.

ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى ٢ى ئاب ٢٠٢٠ فەلاح مستەفا ڕاوێژکارى باڵاى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ سیاسەتى دەرەکى ووتەی سەرەکى کردنەوەى کۆنفرانسى ڕێکخراوى یەزدا ى پێشکەش کرد کە بەشێوەى ئۆنڵاین ئەنجامدرا، ڕێکخراوى یەزدا رێکخراوێکى ناحکومیە کاردەکات بۆ بەدەست هێنانى پشتگیرى و هاوکارى بۆ ئێزیدیەکان.

فەلاح مستەفا لە ووتەکەیدا دووپاتى پشتگیریەکانى هەرێمى کوردستانى  کردەوە بۆ کۆمەڵگاى ئێزیدیەکان و هەروەها گووتى کە پێویستە دەست نیشانى پێداویستیە لە پێشینەکان بکرێت و دواتر هەموولایەک بەیەکەوە کاربکەین بۆ دابین کردنیان.

ڕۆژى دووشەممە ٣ى ئاب ٢٠٢٠ نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن بەشدارى لە پانێلێکى ڕۆژى دووەمى کۆنفرانسەکەدا کرد دەربارەى بەهێزکردنى بەشدارى ئافرەتان لە پرۆسەى بیناکردنى ئاشتى و ئاوەدانکردنەوە. هەروەها گووتى کە ئێزیدیەکان ئافرەتى چالاکوانى بەهێزیان هەیە لەنێوانیاندا ئاماژەى بە ناوەکانى وەک نادیە موراد  و ڤیان دەخیل کرد.  نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ووتەکەیدا ئاماژەى بە ئاڵنگارییەکان و پێشنیار و ڕاسپاردەکان کرد بۆ بەشدارى زیاترى ئافرەتانى ئێزیدى لە ئاوەدانکردنەوەى زێدى خۆیان و بیناکردنى ئاشتى.

قسەکەرەکانى ترى کۆنفرانسەکە بریتى بوون لە ماثیۆ تولەر باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق، کەریم خان بەرپرسى یونیتاد لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش،  ئیڤان جەبارۆ وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراقى، کۆنگرێسمان جێڤ فۆرتینبێرى.

  هەر لەم هەفتەیەدا ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ٣ى ئاب ى  ٢٠٢٠ فەلاح مستەفا ڕاوێژکارى باڵاى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ سیاسەتى دەرەکى بەشدارى لە کۆنفرانسێکى تر کرد کە لەلایەن نێردەیى هەمیشیەى ئەڵمانیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و باڵیۆزخانەى ئیمارات لە ئەمریکا و ڕێکخراوى دەستپێشخەرى نادیە سازکرابوو. فەلاح مستەفا لە ووتەکەیدا باسى لە جیدیەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد بۆ جێبەجێکردنى داواکاریەکانى ئێزیدیەکان و ئامادەیە لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتى عێراقى کاربکات لەسەر پرسە ئەمنیەکان و ئاوەدانکردنەوە و ئیدارەى خۆجێى شەنگاڵ.

هەروەها بەپێى ئەو بەرنامەیەى کە دانراوە نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و سەنتەرى ویڵسن بە هاوبەشى ڕۆژى هەینى ٧ى ئاب ٢٠٢٠ پانێلێک ڕێک دەخەن لەسەر داهاتووى ئێزیدیەکان کە یەکێک لە قسەکەرانى پانێڵەکە بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە سەفین دزەیى دەبێت.