چوارشەممە 24 حوزەیران 2020

بەرپرسانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشداریان لە پانێڵێکى ژوورى بازرگانى ئەمریکى کرد



ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ٢١ى حوزەیران ى ٢٠٢٠ نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە درێژەى کاروچالاکیەکانیدا بە هاوبەشى لەگەڵ ژوورى بازرگانى ئەمریکى پانێڵێکى هاوبەشى ئەنجامدا بۆ بەرپرسانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەمریکا دەربارەى کار و دەرفەتى بازرگانى لە هەرێمى کوردستان.

دیدارەکە بەڕێوەدەبردرا لەلایەن بەڕێز ستیڤ لوتێس جێگرى سەرۆکى ژوورى بازرگانى ئەمریکى بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەرپرسى ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکى – عێراقى و بەشداربووانى پانێڵەکە بریتى بوون لە بەڕێزان کاک سەفین دزەیى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە و خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و دکتۆر محمد شوکرى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان و کاک باز کەریم سەرۆکى کۆمپانیاى کار گروپ. لە لایەنى ئەمریکى بەڕێزان دکتۆر ماثیۆ زیاس جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى ووزەى ئەمریکى بۆ کاروبارى نێودەوڵەتى و ڕۆبەڕت واڵەر کونسوڵى گشتى تازەى ئەمریکا بۆ هەرێمى کوردستان و مارک ڕۆڵینس جێگرى سەرۆک و ئەندامى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى کۆمپانیاى ئێچ کەى ئێن.

هەروەها ژمارەیەک کەسایەتى کۆمپانیا بازرگانیەکانى ئەمریکا و ئیدارەى ئەمریکى و بانکى نێودەوڵەتى و ئەندامانى یەکێتى ژوورە بازرگانى و پیشەسازییەکانى هەرێمى کوردستان بەشداربوون کە تەوەرى گفتوگۆکان دەربارەى چاکسازى ئابورى هەرێمى کوردستان و دەرفەتەکانى وەبەرهێنان و پەرەپێدانى کەرتى نەوت و گاز و بەرەوپێشچوونەکانى ئەم دواییانەى هەرێمى کوردستان بوون.

بەڕێز ستیڤ لوتێس جێگرى سەرۆکى ژوورى بازرگانى ئەمریکى بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەرپرسى ئەنجومەنى بازرگانى ئەمریکى – عێراقى پابەندبوونى یەکێتى ژوورى بازرگانى ئەمریکى دووپات کردەوە بۆ زیاتر فراوانکردنى پەیوەندیە بارزگانیەکانى نێوان ئەمریکا و عێرق بە هەرێمى کوردستانیشەوە بە ئامانجى هەماهەنگى زیاتر لەگەڵ بازرگانانى عێراقى و دروستکردنى دەرفەتى کار. هەروەها ناوبراو گووتى کە ژووى بازرگانى ئەمریکى باوەڕى بە بەردەوامى گفتوگۆ و پەیوەندى بازرگانى لەگەڵ عێراقدا هەیە و پشتگیرى لە پلانى چاکسازى هەولێر و بەغدا دەکات.

بەڕێز سەفین دزەیى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە باسى لە پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا کرد و هەروەها ئەو هەوڵانەى کە ئێستا هەیە بۆچارەسەرکردنى یەکجارەکى کێشە هەڵپسێردراوەکان و دامەزراندنى میکانیزمى ئاسایشى هاوبەش لەنێوان هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراقى و دواتر تیشکى خستەسەر تێڕوانینەکانى حکومەتى هەرێم دەربارەى دیالۆگى ستراتیژى نێوان ئەمریکا و عێراق. هەروەها بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە پابەندبوونى حکومەتى هەرێمى کوردستانى دووپات کردەوە لە هەمەجۆرکردنى سەرچاوەى ئابورى و داهات و  باشترکردنى دۆخى ئابورى لە ڕێگاى چاکسازى و زیاترکردنى شەفافیەت و ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى.

خاتوو بەیان سامى عبدالرحمن ئاماژەى بە بەرژەوەندیە هاوبەشەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەغدا کرد لە ڕێگاى بوونى پەیوەندیەکى گرنگ لە ڕووى سیاسى و ئابورى و ئاسایش و جەختى کردەوە لەسەر گرنگى چاکسازى لە بوارى کەرتى بانکى بۆ ئەوەى کارئاسانى زیاتر پێشکەش بکات بۆ گەشەسەندنى کۆمپانیا ناوخۆیى و نێودەوڵەتیەکان.

بەڕێز دکتۆر محمد شوکرى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان باسى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد لە هەمەجۆرکردنى سەرچاوەى ئابورى و دروستکردنى کەشێکى وەبەرهێنانى گونجاو. حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کاتى ئێستادا پەیڕەوەى خزمەتگوزارى یەک پەنجەرە دەکات بۆ کەمکردنەوەى ئەو ڕۆتینیاتەى کە پێشووتر هەبوو بۆ وەرگرتنى مۆڵەتى وەبەرهێنان کە ماوەى تەواوکردنى کارەکان لە چەند مانگێکەوە کەم دەکاتەوە بۆ چەند ڕۆژێک. لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا  حکومەتى هەرێمى کوردستان کاردەکات بۆ هەموارکردنەوەى یاساى وەبەرهێنان و چاکسازى لە سیستەمى باج بۆ ئەوەى زیاتر هانى وەبەرهێنەرانى بیانى بدات کە پڕۆژەى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان ئەنجام بدەن. هاوکات هانى کۆمپانیا ئەمریکیەکانى دا بۆ کارى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان.

بەڕێز باز کەریم سەرۆکى کۆمپانیاى کار گروپ باسى لە هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد بۆ فراوانکردنى زیاتر بەرهەمهێنانى گازى سروشتى و ئەمەش کاریگەرى دەبێت لەسەر زیاتر بەرەوپێش بردنى پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغدا و هەروەها دابینکردنى پێداویستى ناوخۆیى عێراق لە ڕووى ووزەوە.

بەڕێز دکتۆر ماثیۆ زیاس جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى ووزەى ئەمریکى بۆ کاروبارى نێودەوڵەتى دووپاتى پشتگیریەکانى ئیدارەى ئەمریکى کردەوە بۆ یارمەتیدانى عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ بیناکردنى زیاتر لە کەرتى پیشەسازى ووزە. بەڕێز ڕۆبەڕت واڵەر کە لە داهاتوویەکى نزیکدا وەک کونسوڵى گشتى تازەى ئەمریکا لە هەولێر دەست بەکاردەبێت جەختى کردەوە لەوەى کە دەرفەتى زۆرى وەبەرهێنان هەیە بۆ کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان و هەروەها بەڕێزیان کاردەکات لەسەر زیاتر فراوانکردنى پەیوەندیە ئابوریەکان.