ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا (کۆنگرێس) پڕۆژە بڕیارێکیان پێشکەش کرد بۆ یادکردنەوەى ساڵیادى ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى نەواى ئارام و جەختکردنەوە لەسەر شەراکەتى نێوان وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و کوردستان.
پڕۆژە بریارەکە بە سپۆنسەرى ئەندامانى کۆنگرێس هەریەکە لە مایک واڵتز (کۆمارییەکان - فلۆریدا)، کۆنگرێسمان جەیسن کرۆو (دیموکراتەکان - کۆلۆرادۆ)، کۆنگرێسمان دۆن بەیکن (کۆمارییەکان- نێبراسکا)، کۆنگرێسمان ئاندى کیم (دیموکراتەکان- نیوجێرسى)، کۆنگرێسمان کریس ستیوارت (کۆمارییەکان- یوتا)، هەروەها ژمارەیەک ئەندامانى تر پشتگیریان لەم پڕۆژە بڕیارە کرد کە لە ڕێکەوتى ٣٠ نیسان ٢٠٢١ پێشکەش کرا و دواتر دەچێتە ئەنجومەنى پیران (سینات) بۆ بەدەستهێنانى پشتگیرى زیاتر و ڕەزامەندى کۆتایى وەربگرێت.
لە پڕۆژە بڕیارەکەدا هاتووە کە سەددام حسین لە مانگى ئازارى ١٩٩١ چەک و هەلیکۆپتەرى شەڕکەرى بەکارهێنا دژى ئەو کوردانەى ڕاپەڕینیان کردبوو. خەڵکى کوردستان لە ترسى جینۆساید و کیمیابارانێکى تر بەناچارى ڕوویانکردە ناوچە سنورییەکانى تورکیا و ئێران ئەمەش بووە هۆى ڕوودانى کارەساتێکى مرۆیى.
ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى نەواى ئارام لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپیەکان ڕاگەیاندرا بۆ ڕزگارکردن و پاراستنى ژیانى خەڵکانى مەدەنى. لە پڕۆژە بڕیارەکەدا هاتووە (کوردەکان تاوەکو ئەمڕۆ ئەو دەسکەوتانەى کە هەیە دەیگەڕێننەوە بۆ بەرهەمى ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى نەواى ئارام و بەتایبەتى ناوچەى دژەفڕین کە بووە هۆى پاراستنى خەڵکى کوردستان تاوەکو ساڵى ٢٠٠٣ کە توانیان ناوچەیەکى سەقامگیر و ئاشتى و پێکەوەژیان دروست بکەن و ناوچەکەیان ببێتە پەناگەیەکى ئارام بۆ هەموو ئەو کەسانەى بە هۆى ئاڵۆزى سیاسى و ئایینى پەناى بۆ دەبەن).
پڕۆژە بڕیارەکە ساڵیادى ئۆپەراسیۆنى دابینکردنى نەواى ئارام دەکاتەوە و ڕێزدادەنێت بۆ ئەو سەربازە ئەمریکى و دیبلۆمات و سەرکردە سیاسیانەى کە ئەو بڕیارەیان جێبەجێکرد، هاوکات پێزانینیان هەیە بۆ ٢ ملیۆن پەنابەر کە تێکۆشان بۆ ڕزگاربوون. هەروەها هاتووە ( جەخت دەکەینەوە لە شەراکەتى بەهێزى نێوان ئەمریکا و هەرێمى کوردستان و لەگەڵ ئەوپەڕى ڕێز و پشتگیریمان بۆ هاوپەیمانە کوردەکانمان کە شانبەشانى ئەمریکا وەستاون لە ئامانجى هاوبەشمان بۆ بەرەنگاربوونەوەى توندڕەوى و تیرۆریزم).
بۆ بینینى دەقى پڕۆژە بڕیارەکە دەتوانن لێرە کلیک بکەن.