دووشەممە 14 ئەیلوول 2020

 ئەنجومەنى بازرگانى کوردستان ئەمریکا میواندارى جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوە و نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد.  



ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى ٩ى ئەیلول ٢٠٢٠ ئەنجومەنى بازرگانى کوردستان ئەمریکا بەشێوەى ئۆنڵاین میواندارى بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و دەیڤید کۆپڵى جێگرى یاریدەدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بۆ کاروبارى عێراق کرد بۆ پێشکەشکردنى وێبینارێک بۆ ئەندامانى ئەنجومەنەکە.

دەیڤید تافورى سەرۆک و دامەزرێنەرى ئەنجومەنى بازرگانى کوردستان ئەمریکا ووتەى بەخێرهاتنى پێشکەش کرد و وێبینارەکەى بەڕێوە دەبرد. هاوکات ئەوەى جێگەى ئاماژەیە بەشداربووانى وێبینارەکە بریتى بوون لە سەرۆکى کۆمپانیاکان و کەسانى ئەکادیمى و بەرپرسانى دامەزراوە داراییەکان و ئاژانسە حکومیەکان.

گفتوگۆکانى وێبینارەکە ئەم تەوەرانەى لەخۆگرت دیالۆگى ستراتیژى نێوان ئەمریکا-عێراق، پەیوەندییەکانى هەولێر-بەغدا، و دەرفەتەکانى وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان. بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەشێکى قسەکانیدا سوپاسى ئەندامانى ئەنجومەنى بازرگانى کوردستان ئەمریکاى کرد بۆ کارى بەردەوامیان و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان.