حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی فەرمی پڕۆژەی گۆمەسپان-سماقوڵی کردەوە، ئەمە دەسکەوتێکی گرنگە لەژێرخانی ڕێگاوبان بۆ بەستنەوەی هەولێر و سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆیی ڕاپەڕین. پڕۆژەکە بریتیە لە ڕێگایەکی سەرەکی مۆدێرن بە درێژایی ٢٢ کم بە گوژمەی ٢١٠ ملیار دیناری عێراقی (١٦٠ ملیۆن دۆلار) تەواوکراوە، ئەمەش دەسکەوتێکی تری حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە کارکردنی بەردەوام بۆ پەرەپێدانی سەقامگیری و گەشەی ئابوری و بەیەکبەستنەوەی ناوچەیی.
ئەم پڕۆژەیە لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ ڕاگەیاندرا و لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا تەواوبوو- ئەمەش ڕەنگدانەوەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە مەراسیمەکەدا، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ووتارەکەیدا ووتی
” دوای ساڵێک لە بەڵێنەکەمان، ئێمە ڕێگای تازەی گۆمەسپان-سماقوڵی مانکردەوە- پڕۆژەیەکی ١٦٠ ملیۆن دۆلار بۆ بەستنەوەی هەولێر و سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین. سەرەڕای فشارە ئابورییەکان بۆ هێواشکردنەوەی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، ئێمە ڕێگایەکی ستراتیژی زیاتر لە ٥٠٠٠ هەزار کیلۆمەتریمان دروستکرد.”
فراوانکردنی بناغەکانی پەرەپێدان:
ڕێگای سەرەکی گۆمەسپان-سماقوڵی دەبێتە بەهێزکردنی یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی گواستنەوە لە هەرێمی کوردستان، کە بە ستانداردێکی نێودەوڵەتی دیزایینی بۆ کراوە کە بە دوو ئاڕاستە هاتوچۆی پێدا دەڕوات و بۆتە جێگرەوەی ڕێگا کۆنەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی گۆمەسپان کاریگەری لەسەر دروستببوو، ئەم ڕێگا تازەیە خێراترە، سەلامەتترە، و شادەمارێکی پشت پێبەستراوە بۆ بازرگانی و گەشتوگوزار.
لەسەر ئەم ڕێگایەدا شەش ژێر پرد و سێ بەرزە پرد و حەفتا ئاوەڕۆی سندوقی دروستکراوە، لە ماوەی کارکردنی ئەم پڕۆژەیەدا زیاتر لە ٢٠٠٠ هەزار کرێکار و ٦٠٠ ئامێر کاریانکردووە. لە خاسیەتە سەلامەتیەکانی ئەم ڕێگایە بوونی بەربەستە دیوار و ستونی ئاسنین نێوان دوو ڕێگاکە و هێمای هاتوچۆ یە- ئەمانە دەبنە هۆی باشترکردنی هاتوچۆ و گواستنەوەی درێژخایەن بەشێوەیەکی کارامە لە سەرتاسەی هەرێمی کوردستان.
ژێرخان دەبێت هۆی پەرەپێدانی دەرفەتی ئابوری:
تەواوکردنی پڕۆژەی گۆمەسپان-سماقوڵی بەشێکە لە ستراتیژییە فراوانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکان ئەمەش لە پێشینەدانانی وەبەرهێنانی مەزنە لە کەرتی ژێرخانی ڕێگاوبانەکان بۆ کرانەوەی گەشەی بازرگانی و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و بەهێزکردنی بازاڕی ناوخۆیی.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژە و دەستپێشخەری گەورەی ئەنجامداوە بۆ تەواوکردنی ئەو دیدگا و بەرنامەیە، لەنێوانیاندا ڕێکەوتنامەی ووزەی تازە و پەرەپێدان بە بڕی ١١٠ ملیار دۆلار، و جەختکردنەوە لەسەر هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت بۆ بە مۆدێرنکردنی ڕێگاوبانەکان و سیستەمی کارەبا و تۆڕە لۆجیستیەکان. دوایین سەردانی ژووری بازرگانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان دەرخەری زیادبوونی متمانەی بازرگانانی نێودەوڵەتیە بە سەقامگیری و شەفافیەت و دەرفەتی ئابوری.
پڕۆژەکانی وەک ڕێگای سەرەکی گۆمەسپان-سماقوڵی ڕاستەوخۆ پشتگیری دەکات لە پێشکەوتن و پەرەپێدان لە ڕێگای باشترکردنی ڕێگاکانی گەیشتن بە ناوچە پیشەسازییەکان و ناوەندە کشتوکاڵیەکان و ڕێگا بازرگانیەکانی ناوچە سنورییەکان، هەروەها دروستکردنی ئەم پڕۆژانەی ژێرخانی ڕێگاوبان پێویستە بۆ وەبەرهێنانێکی درێژخایەن و بەیەکبەستنەوەی ناوچەیی.