مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
ئەم ئێوارەیە دەوروبەری کاتژمێر 7:30 بە کاتی هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
مەسرور بارزانی باسی لە ئامانجی گەشتەکەی بۆ ئەمریکا کرد و گوتی: “ویستمان بگەڕێینەوە ئێرە بۆ واشنتن تاوەکو سوپاس و پێزانینی خۆمان دەرببڕین بۆ سەرۆک، حکومەت، هێزە چەکدارەکان و گەلی ئەمریکا لە بەرامبەر پشتیوانی بەردەوامیان بۆ ئێمە؛ هەروەها بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان وەک هاوپەیمان، دۆست و هاوبەشی ئەمریکا.”
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد: “لەگەڵ ئەمریکا و کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەتوانین زۆر شت پێکەوە لەو ناوچەیەدا بنیات بنێین کە دەتوانێت بەشداربێت لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی.”
مەسرور بارزانی سوپاسی هاوکاری ئەمریکای لە جەنگی دژی داعش کرد و گوتی: “ئەمریکا رۆڵی سەرەکی هەبووە لە پشتیوانیکردنی ئێمە؛ نەماندەتوانی بە ئاسانی داعش تێکبشکێنین ئەگەر پشتیوانی ئەمریکا نەبووایە.”


