نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا چاڵاکانە بەشداربوو لە بەرنامە و چاڵاکیەکانی خولی ٨٠ هەمینی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لە رێگای بەشداری لە کۆبوونەوەی دیبلۆماسی باڵا و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی نێودەوڵەتی لە پەراوێزی دانیشتنەکاندا.

بەشدارییە دیبلۆماسیەکان:
تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا لە چوارچێوەی شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە، دکتۆر فواد حسین، بەشداریکرد لە دیدار و کۆبوونەوەکان کە گفتوگۆکرا لەسەر دوایین بەرەوپێشچوونەکان، هاوبەشێتی ئابوری و ڕۆڵی عێراق لە گەشەی سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا، تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداریکرد لە کۆڕبەندێکی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد کە میوانداری ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سوریا کرابوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە دیبلۆماتکاران و بەرپرسانی حکومی و شارەزایانی سیاسی بەشداربوون بۆ هەڵسەنگاندنی دوایین بەرەوپپێشچوونەکانی سوریا و ڕۆڵی پێکهاتەکان لەنێوانیاندا کورد و دروز و کریستیانەکان، لە داڕشتنی داهاتووی ناوچەکە.
کۆنفرانسێکی باڵا لەسەر گەڕاندنەوە:
تریفە عەزیز، پانێلی کۆتایی کۆنفرانسێکی باڵای بەڕێوەبرد دەربارەی گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی لە کەمپی ئەلهۆل و زیندانەکانن. کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتی حکومەتی عێراق و نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ڕێکخرابوو، ووتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکە لەلایەن دکتۆر لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق پێشکەشکرا، هەروەها پانێلێکی وەزاری بە سەرپەرشتی د. فواد حسین، وەزیری دەرەوە.
لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەرانی زیاتر لە ٦٠ ووڵات و ٣١ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئامادەبوون کە گفتوگۆکرا لەسەر بابەتەکانی پەیوەندار بە ئاسایش و مرۆیی و ئاڵنگارییەکانی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی لەناوچە ئاڵۆزەکانن. لە پانێلی کۆتایی کۆنفرانسەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا لەسەر پێویستی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاڵنگارییە جیهانیە.

پاڵپشتی بۆ هەرێمی کوردستان:
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی کوردستان ٢٤، تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە لەسەر پێویستی بەپەلەی چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ دەستەبەرکردنی ناردنی موچەی فەرمانبەران. نوێنەری حکومەتی هەرێم ووتی” ئێمە دەڕوانینە گەیشتنە چارەسەرێک بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان. ئەمە دەبێتە دڵنیاییدان لە هاتنی بەشە بودجە و شایستە داراییەکان و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی لە کاتی خۆیدا”.
ئەم لێدوانەی نوێنەری حکومەتی هەرێم، هاوکات بوو لەگەڵ ئەو ڕێکەوتنە سێ قۆڵییەی کە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی نەوت ئەنجامدرا بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگای بۆڕی گواستنەوەی نەوتی عێراق تورکیا. بەپێی ڕێکەوتنەکە ڕۆژانە ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت ئەمەش کۆتایی دەهێنێت بەو دۆخە چەقبەستووەی لە دوو ساڵی ڕابردوو هەبوو و هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەقامگیری دارایی هەرێمی کوردستان.
هاوبەشێتی نێودەوڵەتی:
لە گفتوگۆیەکی تردا، پیتەر زیراتۆ، وەزیری دەرەوەی هەنگاریا دووپاتی پشتگیرییەکانی ووڵاتەکەی کردەوە بۆ شەڕ لە دژی داعش و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا. ئەم ووتانەی وەزیری دەرەوە ڕەنگدانەوەی پشتگیری هاوبەشە نێودەوڵەتیەکانە کە لە تەواوی دیدار و بەشدارییەکان لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، هاوپەیمانان پێزانینیان هەبوو بۆ ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.

بەهێزکردنی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهانی:
بەشداری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە و چاڵاکیەکانی خولی ٨٠ هەمینی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەرخەری ڕۆڵی چاڵاکانەی حکومەتی هەرێم بوو لە دیبلۆماسی جیهانی و داواکردنی پێویستی بەپەلەی دابینکردنی سەقامگیری دارایی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان. لە ڕێگای کۆبوونەوە دووقۆڵیەکان و کۆنفرانسە هەمەلایەنەکان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتیەکان و دووپاتکردنەوەی هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێک لە ناوچەکەدا ڕۆڵی هەیە لە پەرەپێدانی سەقامگیری و خۆشگوزارەنی و ئاسایشی هاوبەش.