لە سەرەتایی ئەم مانگەدا، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا خۆشحاڵبوو بە پێشوازییکردن لە کاک گوهدار شێخۆ سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆیی زاخۆ کە لە درێژەی بەرنامەکەی بۆ ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و دیدار و کۆبوونەوە سەردانی واشنتۆن یکردبوو.
لەماوەی سەردانەکەیدا کاک گوهدار شێخۆ چاویکەوت بە تیمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا کە باس لە دوایین بەرەوپێشچوونەکان و ڕۆڵی شاری زاخۆ وەک داینەمۆی ئابوری لە هەرێمی كوردستان کرا. لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەکرا بە دوایین پێشکەوتن و سەرکەوتنەکانی زاخۆ لەڕووی ژێرخان و وەبەرهێنان و هەروەها ئەو بوارانەی کە دەکرێت هەماهەنگی دروست بکرێت لەنێوان زاخۆ و هاوبەشە ئەمریکیەکان.
یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی سەردانەکە واژووکردنی ڕاگەیاندنی دۆستایەتی بوو لەنێوان زاخۆ و موورهێد لە وویلایەتی مینیسۆتا. ڕێکەوتنەکە لەنێوان کاک گوهدار شێخۆ و شێڵی کارڵسن، شارەداری شارەکە واژووکرا کە بەشێوەیەکی فەرمی پەیوەندی و هاوبەشێتی نێوان خەڵکی هەردوو شار لەسەر بنەمای هاوبەش و هەماهەنگی و پەیوەندی درێژخایەن. ڕێکەوتنەکە دەسپێکی قۆناغێکی تازەیە بۆ هەماهەنگی لە بواری پەروەردە و خوێندن و ئاڵوگۆڕی کەلتوری و پەرەپێدانی ئابوری.
فراوانبوونی ئەم پەیوەندییە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی ئێمەیە بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لە ڕێگای دیبلۆماسی و وەبەرهێنان و پەیوەندی نێوان خەڵک بۆ خەڵک کە پەیوەندییە فراوانەکانی ئاستی حکومی و هاوڵاتیان دەگرێتەوە. نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم پشتگیری لەم هاوبەشێتی و دەستپێشخەرییانە دەکات بۆ زیاتر فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان خەڵکی هەرێمی کوردستان و خەڵکی ئەمریکا.



