شاندێکی ژووری بازرگانی ئەمریکی بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیاکان سەردانی هەرێمی کوردستانیانکرد لە نێوانیاندا کۆمپانیاکانی وەک(گوگڵ، ئای بی ئێم، ڤیزا، پێپسی کۆ و کۆکاکۆلا ). شاندەکە بەرنامەی چڕی دوو ڕۆژەیان هەبوو لە مانگی ئەیلول لە ئەنجامدانی گفتوگۆی باڵا و سەردانی پڕۆژە پیشەسازی و بازرگانییەکان و شوێنەوارە کەلتوری و مێژووییەکان. شاندەکە لەلایەن حکومەتی ئەمریکا مۆڵەت و پشتگیری پێدرابوو، لە سەردانەکەیاندا زانیاری تەواویان وەرگرت لەسەر بەرنامەی چاکسازی و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و داهێنان بۆ بەشداری کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها دووپاتکردنەوەی هەرێمی کوردستان وەک دەروازەیەک بۆ هاوبەشی بازرگانی.
بەخێرهاتنێکی گەرم و دانیشتنێکی کراوە:
لە کۆڕبەندێکدا بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لەمیوانان، وەزیری ناوەخۆ، کاک ڕێبەر ئەحمەدب ووتەیەکی پێشکەشکرد و دواتر هەریەک لە وێندی گرین، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر و ستیڤ لوتێس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکی ووتەیان پێشکەش کرد. لە ووتەکاندا جەختکرایەوە لە پەیوەندی لەمێژینە و قووڵی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و بەرنامەی چڕی سەردانی شاندەکە کە جەخت دەکاتەوە لەسەر ژێرخان، گۆڕانکاری دیجیتاڵی، و کشتوکاڵ و ووزە.

کۆبوونەوەی باڵا لەگەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان:
لە ماوەی سەردانەکەدا، شاندەکە چاویانکەوت بە سەرۆکی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی، و جێگری سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانی، هەروەها وەزیرانی حکومەتی هەرێم لەنێوانیاندا، ئانۆ عەبدۆکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، و کمال محمد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتیەکان بە وەکاڵەت. لە کۆبوونەوەکاندا جەختکرایەوە لەسەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و بەشداری کۆمپانیا ئەمریکیەکان و هەماهەمەنگی لەو بوارانەی کە گرنگ و پێویستن بۆ گەشەی فراوانی هەرێمی کوردستان، لە نێوانیاندا بە مۆدێرنکردنی ژێرخانەکان و بەهێزکردنی پەیوەندی دیجیتاڵی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاسایشی خۆراک و ووزەی نوێبوونەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی جەختیکردەوە لەسەر بەرنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پابەندبوون بە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابوری و بوونی هێزی کاری گەنج لە کوردستان و پێگەی ستراتیژی هەرێم و گەشەی کەرتی تایبەت، ئەمانە هاندەرن بۆ بەشداری کۆمپانیا ئەمریکیەکان.




سەردانی پڕۆژە گرنگەکان:
شاندی ژووری بازرگانی ئەمریکی سەردانی ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگیانکرد کە نموونەی کارەکانی حکومەتی هەرێمە لەڕووی پەرەپێدانی سەقامگیر و بەرەوپێشچوون، لەنێوانیاندا سەردانی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرایی ئاوی هەولێریانکرد بۆ فراوانکردنی سەرچاوەی ئاو و بەهێزکردنی ژێرخانی خزمەتگوزارییە سەرەکیەکان کە جێبەجێکراوە لەلایەن کۆمپانیای هێمن گروپ و یەکێکە لە پڕۆژەگرنگەکانی حکومەتی هەرێم لەژێر سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی.
هەروەها لە سەردانێکدا بۆ فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری، ئەندامانی شاندەکە لە گەشتێکدا ئاشنابوون دەستپێشخەرییەکانی حکومەتی هەرێم لە ڕووی بە دیجیتاڵکردننی خزمەتگوزارییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەکان بە ئامانجی سیستەمێکی بەبێ بەکارهێنانی کاغەز و دروستکردنی دەرفەت بۆ هاوبەشێتی لە بواری تەکنەلۆژیا لەنێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان.



گفتوگۆ و بەشداری لەگەڵ کەرتی تایبەت:
جگە لە دیدارەکانیان لەگەڵ حکومەت، شاندی ژووری بازرگانی ئەمریکی گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان هەبوو لەگەڵ بازرگانان و وەبەرهێنەرانی کوردستان. لە کۆبوونەوە و نیوەڕۆخوانێکدا لەگەڵ دکتۆر محمد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان تیشکی خستەسەر ڕۆڵی کەرتی تایبەت و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها ژووری بازرگانی ئەمریکی هەرێمی کوردستان مەراسیمێکی پێشوازی ئەنجامدا بە بەشداری بەرپرسانی حکومی و کەسایەتی بازرگانی و پێشەنگانی کار بۆ بیناکردنی پەیوەندییەکی تازە.
ستیڤ لوتێس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی سەردانەکەی بە ” ئاماژەیەکی بەهێز وەسف کرد بۆ ئەو دەرفەتە ئابورییانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە”. لەلای خۆیەوە وێندی گرین، کونسوڵی گشتی ئەمریکا جەختیکردەوە لەسەر گرنگی هاوبەشێتی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت بۆ بەهێزکردنی گەشەی ئابوری درێژخایەن.
ئاڵوگۆڕی کەلتوری و مێژوویی:
لە کۆتایی سەردانەکەدا، شاندەکە سەردانی قەڵای هەولێریانکرد کە یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکان و لە لیستی یونیسکۆ دا تۆمارکراوە وەک سیمبولێک بۆ مێژوو و کەلتوری دەوڵەمەندی هەرێمی کوردستان. سەردانی شوێنەوارە مێژووییەکان نیشانەی پێزانینی شاندەکەبوو بۆ مێژوو و ناسنامەی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی پەیوەندی نێوان خەڵک لەگەڵ خەڵک، هاوتەریب لەگەڵ هاوبەشێتی ئابوری.

تێڕوانین بۆ داهاتوو:
سەردانی شاندێکی بازرگانی ئەمریکی کە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە مۆڵەت و پشتگیری پێدراوە نیشانەی هەوڵەکانی هەردوولایە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و بیناکردنی دەرفەتی تازەی هەماهەنگی لە تەواوی سێکتەرە جیاوازەکاندا. هەرێمی کوردستان بە ئەجێندای چاکسازی و بوونی پێگەیەکی ستراتیژ و هێزی کاری کارامە دەرفەت دەبەخشێت بە کۆمپانیا ئەمریکیەکان کە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بکەنە دەروازەیەک بۆ فراوانکردنی کارەکانیان بۆ عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێم سەردانەکەی پوخت کردەوە لە ” هەرێمی کوردستان کراوەیە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان. سەردانی ئەم شاندە نیشانەی بوونی هێز و متمانەیە لەپشت هاوبەشتی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و ئەو دەرفەتانەی کە ئێمە هەردوولامان دەتوانین بەیەکەوە دروستی بکەین”.