پەسەندکردن و پشت ڕاستکردنەوەى بڕوانامە


نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەتوانێت هەڵبسێت بە ئەنجامدانى کارەکانى پەسەندکردن و پشت ڕاستکردنەوەى بڕوانامەى (بۆ نموونە، بڕوانامەى دەرچوون لە زانکۆ بە هەردوو جۆرى دیوارى و نمرەکان و....هتد) کە لەلایەن زانکۆ و دامەزراوە باوەڕپێکراوەکانى وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەرچووە بۆ ئەم کەسانەى خوارەوە:

  • هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانى عێراق کە لە ڕێگاى زەمالەى خوێندنى حکومەتى هەرێمى کوردستان یاخود هەر زەمالەیەکى ترى فەرمى لە زانکۆ و کۆلێژەکانى ئەمریکا خوێندنیان تەواوکردووە.
  • هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان کە لەسەر خەرجى تایبەتى خۆیان خوێندنیان لە زانکۆ و کۆلێژەکانى ئەمریکا تەواوکردووە.
  • هاوڵاتیانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان کە لە زانکۆ و کۆلێژەکانى ئەمریکا خوێندنیان تەواو کردووە و پێویستیان بە پەسەندکردن و پشت ڕاستکردنەوەى بڕوانامەکانیان هەیە بۆ ئەوەى لە هەرێمى کوردستان کاربکەن.

 

بۆ زانیارى بەڕێزتان نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئەم بەڵگەنامانەى خوارەوە پەسەند و پشت ڕاست ناکاتەوە:

  • ئەو بڕوانامانەى کە لەلایەن ئەو دامەزراوە پەروەردەییانە دەرچوون کە باوەڕپێکراونین.
  • ئەو بڕوانامانەى کە ئەکادیمى نین وەک بڕوانامەى خولى مەشقى تەکنیکى، بڕوانامەى خولى مەشقى پیشەیى، یاخود بڕوانامەى باشترین/ نایاب.
  • بڕوانامەى ئەگەر هاتوو تەواوى خوێندن لە کۆڵێژ یان زانکۆکە بەشێوەى ئۆنلاین بوو ئەمەش بەپێى ڕێنماییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق.

ئەو بەڵگەنامانەى کە پێویستە بۆ پشت ڕاستکردنەوە

نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا دەتوانێت تەنها ئەو بڕوانامانە پەسەند و پشت ڕاست بکاتەوە کە لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە واشنتۆن پەسەند و پشت ڕاست کراونەتەوە. سەبارەت بە چۆنیەتى پەسەندکردن و پشت ڕاست کردنەوەى بڕوانامەکانتان لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، تکایە سەیرى ڕێنماییەکانى خوارەوە بکە و پێویستە بەپێى ئەم ڕێنماییانەى کە لە خوارەوە هاتووە بڕوانامەکانتان ئامادەبکرێت.

 

 

 

بۆ ئەوەى بڕوانامەکانتان لەلایەن نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا کارەکانى پەسەندکردن و پشت ڕاستکردنەوەى بۆ ئەنجام بدرێت، تکایە ئەم بەڵگەنامانەى خوارەوە لەگەڵ مامەڵەکانتان هاوپێچ بکەن:

 

  • یەک (١) وێنەى ڕەسەن لە بڕوانامەى ئەکادیمى دەرچوون کە لەلایەن زانکۆ یاخود کۆلێژدەرچووە (واتە ئەو زانکۆ یاخود کۆلێژەى کە قوتابى خوێندنى تیادا تەواوکردووە).
  • یەک (١) وێنەى ڕەسەن لە بڕوانامەى ئەکادیمى دەرچوون کە لەلایەن دادنووس (کاتب عدل) مۆرکراوە و لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا پەسەند و پشت ڕاست کراوەتەوە.
  • یەک (١) کۆپى لە لێکۆڵینەوەى دەرچوون (بحث التخرج) ئەگەر هەبێت. تکایە بەڕوونى ناوى خۆتان و کۆلێژ/زانکۆ، هەروەها جۆرى بڕوانامەکەى لەسەر نووسرابێت.
  • یەک (١) فۆرمى ڕەزامەندبوون بۆ وەرگرتنى تۆمارى خوێندنتان لە زانکۆ/کۆلێژ پڕبکەنەوە، لە پاکێجى هاوپێچدا کە لە سەرەوە ئاماژەیپێکراوە دەتوانن فۆرمەکەتان دە ست بکەوێت.
  • یەک (١) فۆرمى تایبەت بە پەسەندکردن و پشت ڕاستکردنەوەى بڕوانامەکان پڕبکەنەوە، لە پاکێجى هاوپێچدا کە لە سەرەوە ئاماژەیپێکراوە دەتوانن فۆرمەکەتان دە ست بکەوێت.
  • کاغەزى بانکى پارەدانى پێش وەخت (Money order) لەگەڵ مامەڵەکانت هاوپێچ بکرێت کە بریتیە لە ڕسوماتى پەسەندکردنى بەڵگەنامەکان کە بۆ هەر بەڵگەنامەیەک ٥ دۆلارى ئەمریکیە، پێویستە کاغەزى بانکى پارەدانى پێش وەخت بە ناوى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم بێت و بەم شێوەیە بە زمانى ئینگلیزى نووسرا بێت (Kurdistan Regional Government; Representation in the United States). نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم ڕسومات بەشێوەى نەقد (کاش) یاخود چەکى بانکى وەرناگرێت.
  • هاوکات قوتابیانى هەرێمى کوردستان کە لە ڕێگاى زەمالاتى خوێندنى حکومەتى هەرێم نێردراونەتە دەرەوە ئەوا لەم ڕسوماتە بەخشراون.
  • یەک (١) کۆپى لە ناسنامەى کەسى کە ناوى تەواو و ساڵ و ڕۆژى لە دایکبوونى لەسەر نووسرا بێت (وەک پاسپۆرت یاخود مۆڵەتى شوفێرى).
  • یەک (١) زەرفى نامە کە پێش وەختە پارەى بۆ درابێت و ئەدرێسى خاوەن مامەڵەکەى لەسەر بێت و لەگەڵ مامەڵەکان هاوپێچ کرابێت بۆ ئەوەى کە دواى تەواوبوونى مامەڵەکان لە ڕێگاى پۆستەوە تەواوى مامەڵەى تەواوبوو بۆ خاوەنەکەى بگەڕێندرێتەوە.
  • تکایە مامەڵەکانتان بۆ ئەم ناونیشانەى خوارەوەى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا بنێردرێت و هاوکات بۆ ئەوەى بڕوانامەکانتان لە کاتى پۆست کردندا دەقەکەى نەشکێت ئەوا پێویستە لەناو زەرفى نامەى تایبەت دابنرێت کە بەرگەکەى ڕەق و بەرگەى پێچانەوە دەگرێت.

 

Kurdistan Regional Government
Directorate of Consular Services
1532 16th St. NW
Washington, DC 20036

 

هاوکات پێویستە بەلایەنى کەم دەرفەتى ١٥ ڕۆژى کار (٣ هەفتە) بدرێت بۆ تەواوکردنى مامەڵەکانتان.

 

بەم شێوەیەى خوارەوە دەتوانن بڕوانامە و مامەڵەکانتان لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا پەسەند و پشت ڕاست بکرێتەوە

بۆ ئەوەى بەڵگەنامەکانتان لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە واشنتۆن پەسەند و پشت ڕاست بکرێتەوە، پێویستە پێش وەختە ئەم هەنگاوانەى خوارەوە تەواو بکەن:

  1. پێویستە بڕوانامەى دیوارى و نمرەکان لەلایەن دادنووس پشت ڕاست کرابێتەوە.
  2. دواى ئەوەى کە بڕوانامە و بەڵگەنامەکانتان لەلایەن دادنووس پشت ڕاست کرایەوە، پێویستە لەلایەن شارەدارى (the County Clerk) لەو شارەى کە دادنووسەکە لێیە پشت ڕاست بکرێتەوە.
  3. دواتر بڕوانامە و بەڵگەنامەکانتان لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى وویلایەتەکە پەسەند و پشت ڕاست بکرێتەوە.
  4. دواى ئەنجامدانى ئەم هەنگاوانەى سەرەوە دەتوانن بڕوانامە و بەڵگەنامە پەسەند و پشت ڕاستکراوەکانتان بنێرن بۆ وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە واشنتۆن، کە ئەمەش دەتوانرێت لەڕێگاى سەردانى کردنتان یاخود لە ڕێگاى ناردنى بە پۆستە ئەنجام بدرێت.

ئەگەر خۆتان بتانەوێت سەردانى وەزارەتى دەرەوە لە واشنتۆن بکەن ئەم ناونیشانەى خوارەوەیە:

Office of Authentications
U.S. Department of State
600 19th Street, NW
Washington, DC 20006

 

کاتەکانى وەرگرتنى مامەڵەکان – دەتوانرێت لەڕێگاى ئەم ژمارە تەلەفۆنەوە داواى وادەى چاوپێکەوتن بکەن 202-485-8000  

8:00 AM to 9:00 PM

دووشەممە – هەینى

 

 

ئەگەر مامەڵەکانتان لە ڕێگەى پۆستە نارد بۆ وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، دەتوانن بۆ ئەم ناونیشانەى خوارەوەى بنێرن:

Office of Authentications
U.S. Department of State
CA/PPT/S/TO/AUT
1st Floor
1150 Passport Services PL
Dulles, VA 20189-1150