سێشەممە 11 ئایار 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێم چاویکەوت بە گروپى دۆستانى کورد لە پەرلەمانى کەنەدا



نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن لە ڕێگاى وێبینار چاویکەوت بە زیاد ئەبولتەیف ئەندامى پەرلەمانى کەنەدا و سەرۆکى گروپى پەرلەمانتارانى دۆستانى کورد لە پەرلەمانى کەنەدا.

لە دیدارەکەدا نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا پوختەیەکى پێشکەشکرد لەسەر دوایین بەرەوپێشچوونەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق لە ڕووى سیاسى و مرۆیى و ئاسایش و هەروەها هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق. بەیان سامى عبدالرحمن سوپاسى پەرلەمانى کەنەداى کرد بۆ بەردەوامى گرنگیدانیان بە هەرێمى کوردستان و هەروەها سوپاسى پاڵپشتیەکانى کەنەداى کرد بۆ خەڵکى کوردستان.

ئەوەى جێگەى ئاماژەیە گروپى دۆستانى کورد لە پەرلەمانى کەنەدا لەساڵى ٢٠١٦ دامەزراوە لەلایەن تۆم کمیچ ئەندامى پەرلەمانى کەنەدا کە تاوەکو ساڵى ڕابردوو سەرۆکایەتى گروپەکەى دەکرد. کەنەدا ئەندامى هاوپەیمانى نێودەوڵەتیە دژى داعش و لە ڕێگاى بەرنامەى مەشق هاوکارى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستانى کردووە. لە کاتى ئێستادا کەنەدا پشتگیرى لە هەوڵەکانى لابردنى مین و پاشماوە تەقەمەنیەکان و هەروەها لە ڕێگاى ڕێکخراوە ناحکومیەکان هاوکارى مرۆیى پێشکەش کردووە لە کوردستان.