چوارشەممە 12 ئایار 2021

نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ئەمریکا چاویکەوت بە کۆنگرێسمان تێد دۆچ  



ڕۆژى سێ شەممە ١١/٥/٢٠٢١، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بەیان سامى عبدالرحمن بەشێوەى وێبینار چاویکەوت بە کۆنگرێسمان تێد دۆچ سەرۆکى کۆمیتەى لاوەکى بۆ کاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرى جیهانى لە کۆمیتەى کاروبارى دەرەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕکرد  دەربارەى پرسە ئەمنى و سیاسیەکان کە کاریگەریان لەسەر هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە هەیە. لەلای خۆیەوە بەیان سامى عبدالرحمن پوختەیەکى پێشکەش بە کۆنگرێسمان تێد دۆچ کرد دەربارەى دۆخى مرۆیى و هەڵبژاردنەکانى داهاتوو پەرلەمانى عێراق کە بڕیاروایە لە مانگى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت.

ئەوەى جێگەى ئاماژەیە کە کۆنگرێسمان تێد دۆچ نوێنەرایەتى ناوچەى ٢٢ى وویلایەتى فلۆریدا دەکات کە ناوچەى باشورى برۆورد و باشورى ڕۆژهەڵاتى کەنارى پاڵم لە باشورى فلۆریدا دەگرێتەوە. ناوبراو لە حەوتەمین خولى یەک لە دواى یەکى کۆنگرێس ئەندام بووە و ئێستاش ئەندامى خولى ١١٧ هەمینى کۆنگرێسە.