دووشەممە 30 نیسان 2018

  شاندى حکومەتى هەرێم لە نیویۆرک ڕۆڵى نەتەوە یەکگرتووەکانى لە هاوکارى کردنى کوردستان و عێراق بەرزنرخاند



لە ماوەى سەردانەکەیاندا بۆ وویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا؛ شاندەباڵاکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە پێکهاتبوو لە دکتۆر فوئاد حسێن سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و بە یاوەرى خاتوو بەیان سامى نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە نیویۆرک لەگەڵ دبلۆماتکاران و نێردەى ووڵاتان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە.
شاندەکە لەگەڵ شەش دبلۆماتکارى نێردەى ووڵاتان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە کە چواریان ئەندامى ئەنجومەنى ئاسایشن و بریتی بوون لە باڵیۆز ستیفن هایکى هەماهەنگیکارى سیاسى نێردەى بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵیۆز کارڵ ساکو لەجیاتى نوێنەرى سوید لە ئەنجومەنى ئاسایش، ئان گوگەین جێگرى نێردەى هەمیشەیی فەڕەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاوێژکار چەنگ لی نێردەى هەمیشەیی کۆمارى چینى میلى لە نەتەوە یەکگرتووەکان، باڵیۆز یواو ڤالى دى ئەلمیدا شاندى یەکێتى ئەوروپا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، و باڵیۆز کریستۆف هەسگێن نێردەى هەمیشەیی کۆمارى ئەڵمانیاى فیدڕاڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە تەواوى دیدارو کۆبوونەوە دووقۆڵیەکاندا؛ شاندە باڵاکەى حکومەت پوختەیەکى دەربارەى دوایین زانیاریەکان پێشکەش بە دیپلۆماتکاران کرد لەڕووى سیاسى و مرۆیی و بەرەوپێشچوونەکانى ئاسایش لە هەرێمى کوردستان و لە عێراق. هاوکات تیشکیان خستەسەر هەڵبژاردنى چاوەڕوانکراوى پەرلەمانى عێراپى فیدڕاڵ و جەختیان لە گرنگى بەشدارى نەتەوە یەکگرتووەکان و بەردەوامى ڕۆڵى نێردەکەیان (UNAMI) لە عێراق کرد.
هەر لەو دیدارانەدا سوپاسى ئەندامانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى شەڕى دژى داعشیان کرد؛ لە پشتیوانى کردنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و هێزە عێراقیەکان لە شەڕى دژى داعش. هاوکات جەختیان کردوە لەسەر پێویستى سەقامگیرى ئاسایش و هاوکارى مرۆیی و دادپەروەرى بە مەبەستى چەسپاندنى سەقامگیرى و ئاستەوایی لە ووڵاتدا.
جێگەى باسە بۆ پێدانى دوایین زانیاریەکانى بوارى سیاسى و ئاسایش و بوارەکانى دیکە لە هەرێمى کوردستان و عێراق، شاندە باڵاکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دەستەى نووسەرانى ڕۆژنامەى نیۆرک تایمز دیدارێکیان ئەنجامدا؛ کە لە لایەن نێردەى هەمیشەیی عیراقى فیدڕاڵ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێکخرابوو.