پێنجشەممە 9 کانونی یەکەم 2021

ساڵیادى کۆچى دوایى دکتۆر نەجمەددین کەریم لەلایەن کوردانى ئەمریکا و دۆستە ئەمریکیەکان کرایەوە  



لە ڕێکەوتى ٩/١٢/٢٠٢١، ڕەوەندى کوردستانى لە ئەمریکا و دۆستە ئەمریکیەکان بەشداریان کرد لە ساڵیادى کۆچى دوایى کەسایەتى کورد دکتۆر نەجمەددین کەریم لە مانگى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢٠ کۆچى دوایى کرد.

ژمارەیەکى زۆر لە ڕەوەندى کوردستانى و دۆستان و هاوڕێیان و هاوکارانى دکتۆر نەجمەددین کەریم لە مەراسیمێکدا بەشداربوون لەگەڵ خاتوو زۆزان کەریم و منداڵەکانى بۆ یادکردنەوەى ساڵیادى کۆچى دواى دکتۆر نەجمەددین کەریم. ئەو مەراسیمە لەلایەن نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا بە هاوبەشى لەگەڵ پەیمانگاى کوردى لە واشنتۆن ئەنجام درابوو.

لە مەراسیمەکەدا سیناتۆر کریس ڤان هۆڵین ووتەیەکى پێشکەشکرد کە تیایدا باسى لە پەیوەندى درێژخایەنى دۆستایەتى خۆى لەگەڵ دکتۆر نەجمەددین کەریم کرد و ئاماژەیکرد کە دکتۆر نەجمەددین کەریم ڕۆڵێکى باڵاى هەبوو لە ناساندى دۆزى کورد لە ئەمریکا.

دواتر شوان کەریم، کوڕە گەورەى دکتۆر نەجمەددین کەریم ووتارى بنەماڵەکەیان پێشکەشکرد کە باسى لە ئەرک و ماندوبوونەکانى باوکى کرد وەک پزیشک و کارى بێ ووچانى بۆ خزمەتکردنى کوردستان.

لەلاى خۆیەوە بەیان سامى عبدالرحمن، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى لە ڕۆڵ و کار و خەباتى دکتۆر نەجمەددین کەریم کرد وەک پزیشکێک و کوردێکى نیشتیمانپەروەر و پارێزگاى کەرکوک بۆ خزمەتکردنى شارەکەى و پشتگیریکارێک بۆ دۆزى کورد لە واشنتۆن بە درێژایى تەمەنى خەبات و تێکۆشانى کردووە.

ئەوەى جێگەى ئاماژەیە دکتۆر نەجمەددین کەریم هاودامەزرێنەرى کۆنگرەى نیشتیمانى کوردە لە باکورى ئەمریکا لە ساڵى ١٩٩٠ و هەروەها پەیمانگاى کوردى لە واشنتۆن دامەزراند و سەرۆکى ئەو پەیمانگایە بوو تا ئەو ڕۆژەى کۆچى دوایى کرد.